بۆ چاپی كتێبێك زەخت و گوشار خراوتە سەر چالاكێكی فەرهەنگی لە ئیلام

15:55 - 6 سەرماوەز 2711
كوردپا: چاپی پەرتووك و نامیلكەی كوردی لە ئیلام بە دژواری مۆڵەتیان پێ‌دەدرێت و بەم بۆنەوە زەخت و گوشار دەخرێتە سەر نووسەران.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە ئیلام، پەرتووكێكی هەڵبەستی كوردیی شاعێر \"وەلی محەممەد ئومیدی\" كە لەلایەن چالاكێكی فەرهەنگیی ئیلامەوە كۆ كراوەتەوە و دەیهەوێت چاپی بكات، لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئیلامەوە مۆڵەتی چاپی پێ‌نادرێت.

لە ساڵی 1386ەوە هەتا ئێستا لەلایەن یاسر سەنایی یەكێك لە چالاكانی فەرهەنگیی ئیلامەوە كە دیوانی ئەو شاعێرە كۆ كراوەتەوە، داوای مۆڵەتی چاپ كراوە، بەڵام ئەو داخوازەی بەبێ‌هیچ هۆیەك رەت كراوەتەوە و پێش بە چاپی ئەو دیوانە شێعرە گیراوە.

هەواڵنێرمان لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش داوە كە وەلی محەممەد كە خەڵكی گوندی \"كارزان\"ی ئیلامە، لە كاتی ژیانیدا چەندین جار لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەكانی حكوومەتەوە بەهۆی بیری نەتەوەیی خراوەتە ژێر زەخت و گوشارەوە.

ئەم بەربەستە فەرهەنگییانە لە كاتێك دان كە بەرپرسانی فەرهەنگیی ئێستای ئیلام دۆخی فەرهەنگی و چاپی كتێب لەو پارێزگایە بە باش وەسف دەكەن.

وەلی محەمەد ئومیدی کارزانی ناسراو بە \"وەلی بێگانە\" خەڵکی گوندی \"کارزان\"ی سەر بە شاری \"شیروان چارداوڵ\"ی ئیلامە كە ساڵی 1301 لەدایك بووە كە پاش غوڵامڕەزا ئەركەوازی لە شێوازی نووسینی شێعردا یەك لە شاعێرانی ناوداری بەرەی كلاسیكی ئیلامە و لەناو بەرەی یەكەمی كاروانی شێعری كوردیدا جێگا دەگرێت و هۆنراوەكانی بە زاراوەی كەلهوڕی جنووبی( فەیلی) داناوە و هاوكات تێكەڵاوێكە لە زاراوە و ئەدەبی گۆران.