بۆ چارەسەرکردنی کێشە قوتابخانەکان پارە لە بنەماڵەکان وەر دەگیردرێت

15:29 - 18 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: قوتابخانەکانی سەردەشت، داوای پارە لە بنەماڵەی قوتابییان دەکەن، که بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی قوتابخانە بەکاری بێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابخانەی سەرەتایی \"غەزه\" لە سەردەشت، لە نامەیەکدا داوایان له بنەماڵەی قوتابییەکان کردووە، که بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قوتابخانەکان پارەیان پێ بدەن.

بەرپرسی ئەم قوتابخانەیە، ئەم کارەی لە ڕاستای \"گەشەی بونیاتی زانستیی قوتابییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی پەروەردە\"دا ئەنجام داوە.

بنەماڵەی قوتابییەکانی ئەم قوتابخانەیە، له ناڕەزایەتی لە هەمبەر ئەم کارەی بەرپرسی قوتابخانەکە و بەرپرسی ئەنجومەنی بنەماڵەکان ڕایانگەیاندووە: \"بەرپرسی قوتابخانە و بەرپرسی ئەنجومەنی بنەماڵەکان کێشەکانی قوتابخانەیان بەهەڵە لە جیاتی بەرپرسی پەروەردە بۆ بنەماڵەکان ناردووە.

تاکوو ئێستا بەرپرسی پەروەردە بە نیسبەت کاری ئەم قوتابخانەیە هیچ کاردانەوەیەکی نیشان نەداوە و بنەماڵەی قوتابییەکانیش داوای ڕوونکردنەوەیان لە ئیدارەی پەروەردە کردووە.

بەپێی ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئێران، ئەرکی دەوڵەت ئەوەیە، کە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنان بەبێ بەرانبەر بۆ هەموو کەسێک هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و پێداویستییەکانی خوێندنی باڵاش بەپێی توانایییەکانی حکوومەت دابین بکات و بەبێ بەرانبەر پەرەی پێ بدرێت.

هەموو ساڵێک به دەسپێکردنی ساڵی خوێندن و لە کاتی ناونووسینی قوتابییەکان و دانەوەی کارنامەکانیان، داوای بڕە پارەیەک لە قوتابییەکان دەکرێت، که ئەم جۆرە کارانە بوونەتە پەتا و هەڵاماتێک لە کوردستاندا.

بە وتەی چالاکانی فەرهەنگی، وتنەوەی ئەم ڕستەیە کە وەرگرتنی پارە لە قوتابییەکان لە لایەن ئیدارەی پەروەردەوە نایاسایییە، بووەتە دروشم و ئەم چالاکانە لەسەر ئەو بڕوایەن کە کەرتی پەروەردە دەبێ بۆ سزادانی کەسانێک که به زۆر لە قوتابییەکان پارە وەر دەگرن، هەنگاو هەڵ بگرێت.

\"\"
بۆ چارەسەرکردنی کێشە قوتابخانەکان پارە لە بنەماڵەکان وەر دەگیردرێت