بۆ باسی خودموختاری نەکەین؟

15:53 - 12 گەلاوێژ 2717
Unknown Author
مختار زارعی

من پێم وایە بە بێ هیچ ترس و شەرمێک ئەبێ ئەو باسە جەماوەری بێتەوە و ئەوە ئەرکی نووسەران و ڕوناکبیران و چالاکانی کۆمەڵایەتیە.

جارێ وەک خوێنەوارێکی حقوق خەیاڵتان ڕاحەت کەم باس کردن لە خودموختاری بە هیچ جۆرێک تاوان( جرم) نیە و هیچ دادگایەک ناتوانێ بە هۆی باس کردن لە مودلێکی سیاسی بۆ کوردستان کەس سزا بدات.

ئەساسەن لە یاسادا، تاوان پێناسە کراوە.

ئەویش بریتیە لەو کارانەی وا لە یاسادا تاوانی بۆ دیاری کراوە کە دیارە لە یاساد قەد نەهاتوە کە باس کردن لە مودلێکی سیاسی جگە لە پارێزگا بوونی ئێران تاوانە؟

ئێستا مودولی دابەش کردنی جوغرافی-ئیداری لە ئێران پارێزگایە و ئەوە لە هیچ یاسایەکدا نەهاتوە کە هێڵی سوورە و کەس بۆی نیە بیگۆڕێت یا کەس بۆی نیە باسی گۆڕینی بکات و مودێلێکیتر بخرێتە بەر باس.

لەوە گەڕین کە باسی خودموختاری بە هیچ جۆرێک تاوان نیە.

با بینەوە سەر ئەوە کە بزانین خودموختاری چۆناوچۆنە و چۆن دەتوانێ مودلێکی باشتر لە ئێستا بێت؟

هەمووتان دەزانن کە خودموختاری چۆناوچۆنە و ئەگەریش کەس نەزانێت ئەوە با سێرچێکی سادە بکات و تواو بەڵام با باسی ئەوە بکەین کە بۆ بێت بە خواستی سەرەکی و گشتگیر.

من پێم وایە جەخت لە سەر مافی چارەنووس، هەم مافێکی ڕەوایە و هەم سیاسەتێکی دروستە.

لە ئێران نزیک بە سەد ساڵە هەوڵ ئەدرێت کە یەک نەتەوە دروست بێت و باقی نەتەوەکان وەک لق و پۆی نەتەوەی باڵادەس پێناسە بکرێت.

ئەوە هەم نازانستیانەیە و هەم نامرۆڤانە.

ئێمە ئەبێت بە پێچەوانەی ئەو سیاسەتە ( یکسان سازی) بوەستین.

ئەگەر لەم کاتەدا رووناکبیرانی کورد باسی خودموختاری وەک بڤە یا هەڵە چاو لێبکەن ئەوە بەرەی داهاتوومان ناوێرن بڵێن کوردین.

لەوانەیە کەسانێک بڵێن ئەوە دژی کاری سیاسی عەقڵانیە.

من لە گاندی فێر بووم کە دەتوانین هاوکات کە بەرزترین داواکاری خۆمان بێ ترس و لەرز بخەینە ڕوو هاوکاتیش زۆر ئاشتیخوازانە و دوور لە هەر جۆرە توند و تیژیەک کاری بۆ بکەین.

خۆ تفەنگ و خودموختاری گرێدراوی یەک نین.

ئەبێ هەوڵ بەین هەم بە تیوری و هەم بە کردەوە ئەوە بسەلمێنین کە درکاندنی بانترین داخوازی( رادیکالیسم) بە هیچ جۆرێک بە مانای توندوتیژی نیە.

بەداخەوە بە هەڵە رادیکاڵ بە تونڕەوی دەزانرێت.

گاندی ڕادیکاڵ بوو بەڵام کوا تونڕەو یا توندوتیژ بوو؟

خاڵێکیتر ئەوەیە کە بە بڕوای من بۆ گەیشتن بە خودموختاری هیچ زەروورەتێکی نیە پێشتر ئێرانێکی دیموکراتیک دروست ببێت.

بەڵێ ڕەنگە لە ئێرانێکی دیموکراتیکدا باشتر بتوانین باسی خودموختاری بکەین بەڵام لزوومەن وا نیە کە دیموکراتیزاسیۆنی ئێران وەک ئەمری موقەدەم بۆ خودموختاری کوردستان بێت.

ئێمە ئەبێ هەوڵ بدەین بۆ خودموختاری خۆمان جا ئەگەر لە درێژەی ئەو داواکاریەدا ئێرانیش هەنگاوێک بەرەو دیموکراسی چوە پێش کە زۆر باشەو ئەگەر نەچوو ئێمە بۆ ڕاوەستین؟

بۆ توانای و هێزی خۆم تەرخان کەم بۆ دیموکراتیزاسیۆنی قوم و مەشهەد و ئسفەهان؟

کوا گارانتی ئەوە هەیە کە ئەو خەڵکانە حەزیان لە دیموکراسی بێت؟

یا کوا ئەوە لە توانای مندا هەیە؟

یا کوا ئەوە گارانتی هەیە ئەگەر تواو ئێران دیموکراتیزە بێتەو ئەوە خودموختاری منیش دەچەسپێ؟

بە تایبەت کە لە وەزعیەتێکی سانتراڵ دیموکراتدا وەک فەرانسە خودموختاری زۆر ئەستەمە.

بە کورتی بڵێم باسی من ئەوەیە کە هەروا کە بڕێک لە دۆستانیش فەرموویان ئەبێ گوتارێکی سەربەخۆمان بێت و من خودموختاری بە باشترین گوتاری سیاسی دەزانم ئەڵبەت هەر خودموختاری و تواو بە بێ ئەوە کە باقی هاوولاتیەکانیترمان لە ئێران چییان دەوێت.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.