بکوژی زەبیحییەکان لە بانه دەسبەسەر کرا

14:19 - 18 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی ئێران، باس لە دەسبەسەرکردنی بکوژی زەبیحییەکان لە لایەن پولیسی ئاگاهییەوە دەکەن.

هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنا و هەواڵدەرییە خۆجێییەکانی بانه، هەواڵێکیان سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی بکوژی زەبیحییەکان بڵاو کردەوە.

ئیرنا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە: بکوژەکە، دانی بە کوشتنی ئەو دوو برایە داناوە و هۆکاری ئەنجامدانی ئەم جەنایەتەی بۆ کێشەی ماڵی گەڕاندووەتەوە.

هەروەها، فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی بانه، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەرییە خۆجێییەکاندا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتوویەتی: \"پاش لێکۆڵینەوەکان و ڕاپۆرتی پزیشکی یاسایی و پشکنینی تەرمی ئەم دوو برایە، کەسی گوماناوی لە ڕێگەی هێزە ئینتیزامییەکانەوە ناسراوە و دواتر دەسبەسەر کراوە.

لەم بارەوە، شاهد عەلەویش، ڕۆژنامەوانی کوردی دانیشتووی واشنگتۆن، شوناسی بکوژەکەی بە ناوی ئەکبەر عەباسپوور مەراغەیی ڕاگەیاندووە و لەسەر دیواری فەیسبوووکی خۆی نووسیویەتی: \"بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی زەبیحی، کەسێک بە ناوی ئەکبەر عەباسپوور مەراغەیی که پارەی کەیوان زەبیحی بە لاوە بووە و بڕیار بووە ڕۆژی هەینی لەو پێوەندییەدا یەکتر ببینن. کە به وتەی ئەم سەرچاوەیە، بکوژەکە ئەمشەو لە لێپرسینەوەی ئیدارەی ئاگاهیی بانەدا دانی به کوشتنی ئەو دوو برایەدا ناوە. عەباسپوور یەکێک لە خزمە نزیکەکانی بنەماڵەی زەبیحییەکانە و ڕەحیم زەبیحی بۆ نێوبژیوانی و یارمەتیدانی ئەو و براکەی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە ماڵییە چووەتە شوێنی ڕووداوەکە.

ڕۆژی هەینی، ١٦ی سەرماوەز، تەرمی سووتاوی ڕەحیم زەبیحی فیلمسازی بانەیی و براکەی \"کەیوان زەبیحی\" لە ماشینەکەی خۆیاندا دۆزرایەوە.

ڕەحیم زەبیحی، ساڵی ١٣٥٠ لە شاری بانە لە دایک بووە و یەکێ لە بەرهەمهێنەرە بەناوبانگەکانی کوردە. ناوبراو ١٦ ساڵ لە بواری هونەرە شانۆکارییەکاندا وەکوو دەرهێنەر و شانۆنامەنووس چالاکی کردووە و لە ساڵی ١٣٨١دا یەکەمین فیلمی کورتی خۆی بە ناوی \"هاوار\"ی بەرهەم هێناوە.

ناوبراو پاش فیلمی هاوار، فیلمگەلێکی کورتی دیکەی: \"سەتەلایت\"، \"کۆتایی شەڕ\"، \"ئیسترێس\" و \"ئەو پیاوەی کە چوو بۆ سەیران\"ی بەرهەم هێناوە، که هەموویان لە فستیڤاڵە جیاوازە نەتەوەیی و نێونەتەوەیییەکاندا پیشان دراون.