بڕینەوەی حوکمی یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ هاووڵاتییەکی کورد

19:31 - 21 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، حوکمی یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە بڕییەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد به ناوی \"کوورش شەریف‌پوور\" خەڵکی شاری دیواندەرە لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی سنەوە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

دادگای ئینقلابی شاری سنه، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی سەرماوز لە نامەیەکدا، دەرکردنی ئەم حوکمەی بەم هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیاندووە.

ناوبراو به \"هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" تاوانبار کراوە؛ پێشتریش چەندین جار به تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان\"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

بە وتەی یەکێک لە خزمەکانی ئەم هاووڵاتییە، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لێکردووە کە لە ئەگەری هاوکاری نەکردن لەگەڵ ئەواندا، حوکمی قورسی دادوەریی بەسەردا دەسەپێت.

ناوبراو خێزاندارە و منداڵیشی هەیە.