بڕینەوەی حوکمی ١٥٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ دوو زیندانیی سیاسیی کورد

12:12 - 30 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران حوکمی ١٥٠ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران بڕییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "حەیدەر قوربانی" کوڕی "عەلی" و "مەحموود سادقی" کوڕی "عارف"، خەڵکی شاری کامیاران، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە، لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە ١٥٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

بەپێی ئەو حوکمە، "حەیدەر قوربانی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ١٢٠ ساڵ و "مەحموود سادقی" بە هەمان تۆمەت بە ٣٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

ئەو حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بە شێوەی فەرمی بەو دوو زیندانییە سیاسییە لە زیندانی سنەدا ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بڕیارە ئەو دوو زیندانییە سیاسییە جارێکی دیکە لە دادگای ئینقلابی شاری سنە، دادگایی بکرێنەوە".

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەت، کۆتایییەکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاریی بۆ تێرۆرکردنی چەند کەسێک لە دەستوپەیوندییەکانی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و مەحکووم کردووە.

مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، تەلەفزیۆنی ئینگلیزی زمانی "پرێس تیڤی" بە نیشاندانی ڤیدیۆیەکی دێکومێنتاری بە ناوی "شۆفیری مەرگ" (رانندە مرگ)، بەشێک لەو فیلمە دانپێدانانە زۆرەملێیەی ئەو زیندانییە کوردەی بڵاو کردەوە.

هەروها "مەحموود سادقی"، ١٠ رۆژ پاش دەسبەسەرکرانی "حەیدەر قوربانی"، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعەتەوە بە هەمان تۆمەت دەسبەسەر کرابوو.