بڕینەوەی حوکمی ٥ ساڵ زیندان بۆ سەحەر کازمی

14:05 - 27 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری سنە، حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بۆ چالاکێکی مەدەنیی کورد بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەحەر کازمی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەم چالاکە مەدەنییە، وێڕای پشتراستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاندووە: دادگا بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکان و ژینگەپارێزییی ناوبراوەوە، ئەم حوکمەی بۆ بڕیوەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە، ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، لە بەرانبەر حوکمی دادگای ئینقلابەوە ناڕەزایەتی دەربڕیوە و دۆسییەکەی بۆ دادگای چاوەدێریی نێردراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، مادێح فەتحی، هاوسەری ئەم چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی ڕێبەندان، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەریدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەری و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەری بوون.

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی سەرماوەز، سەحەر کازمی، چالاکی مەدەنیی، خەڵکی شاری سنە، پاش سەردانی بۆ دادگوستەریی ئەم شارە بۆ دووهەمین جار دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی شەممە، ٣ی سەرماوەز، ئەم چالاکە مەدەنییە، کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ، هێزە ئیتلاعاتییەکان، بەبێ مۆڵەتی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کەسیی سەحەر کازمی و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی گەلاوێژ، مادێح فەتحی، هاوسەری سەحەر کازمی، پاش بانگهێشتکردن بۆ ئیدارە ئیتلاعاتی سنە بەبێ ڕاگەیاندنی هیچ هۆکار، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

گەلاوێژی ساڵی ڕابردووش، مادێح فەتحی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی سێ مانگ، لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتدا لێپرسینەوەی لێ کراوە.