بڕیاری بێتاوانیی بەڕێوەبەری پایگای خەبەریی \"هەواڵ\" دەرچوو

14:24 - 20 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: حوکمی بێتاوانیی بەڕێوەبەری پایگای خەبەریی \"هەواڵ\"، لەگەڵ ماوەی تەواو بوونی زیندانییەکەی، دەرچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی بێتاوانی \"ڕەسووڵ ڕەحیمی \"(هەژار)، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامیی پایگای خەبەریی هەواڵ، دەرچوو و ئەو چالاکە تێلگرامییە، لە زیندان ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: حوکمی زیندانی کردنی ئەو چالاکە تێلگرامییە، لە هەوڵێکی نایاسایی و لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێیەوە، درابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، لەسەر سکاڵای جەلال مەحموود زادە، نوێنەری شاری مەهاباد لە مەجلس ئەو بڕیارەی دابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو چالاکە تێلگرامییە سەبارەت بە ماوەی زیندانی بوونەکەی ناڕەزایەتی دەربڕیووە و ئەو حوکمەش ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە.

بەڕێوەبەری پایگای خەبەریی \"هەواڵ\" ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خاکەلێوە، لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

پایگای خەبەریی \"هەواڵ\"، هەواڵی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی کوردستان ڕووماڵ دەکات.

\"\"