بوونی 35 هەزار وەرزشوان لە ئیلام/ كەم كردنەوەی 740 میلیۆن بوودجەی وەرزشیی ئەو پارێزگایە

13:45 - 2 سەرماوەز 2711
كوردپا: لە حاڵێكدا كە زیاتر لە 35 هەزار وەرزشوان لە رشتە جۆراوجۆرەكان لە پارێزگای ئیلام چالاكان، بەڵام ئەمساڵ لەو بڕە بوودجەیەی كە ساڵان وەریان گرتووە بڕی 740 میلیۆن تمەنی كەم كراوتەوە.
بەرپرسی گشتیی وەرزش و لاوانی ئیلام بە هەواڵنێری میهری راگەیاندووە، كەم كردنەوەی ئەو بڕە بوودجەیە لە كاتێك دایە كە تەنیا لە حەوت مانگی رابردوودا وەرزشواننانی ئیلامی 32 جار پلەی بەرزی جیهانییان بۆ ئێران دەستبەبەر كردووە و سەركەوتنیان بەدەست هێناوە.

فەرزاد فەتاحی وتووشیەتی، ئەمساڵ هەر مانگە و 5 جار لەلایەن وەرزشوانانی ئیلامەوە ئاڵای ئێران لە مەیدان و یاریگا نێودەوڵەتییەكان بەرز كراوەتەوە، ئەم سەركەوتنانە لە كاتێك دان كە ئەمساڵ بڕی 740 میلیۆن تمەن لە بوودجەی وەرزشیی ئەم پارێزگایە كەم كراوەتەوە.

فەرزاد فەتاحی لە لێدوانێكی دیكەدا بۆ هەواڵدەریی فارس رایگەیاندووە، كە لە پارێزگای ئیلام 35 هەزار وەرزشوانی ژنان و پیاو لە چوارچێوەی 290 رشتەی وەرزشیدا چالاكان و بەردەوام لە بوارە جیاجیاكاندا سەركەوتنیان لە ئاستی ئێران و جیهاندا بەدەست هێناوە، بەڵام وەك پێویست ئاوڕ لە وەرزشی ئیلام نەدراوەتەوە و بە جۆرێك پشت گوێ‌خراوە.

وێنە: مێهر