بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد بەناچاری وڵاتیان بەجیهێشت

03:08 - 27 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی پەیغام حیشمەتی چالاکی سیاسیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات و خەڵکی ورمێ، بەهۆی هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری زێدی خۆیان بەجیهێشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاوسەر و کوڕەکەی پەیغام حیشمەتی بەهۆی بەردەوامیی هەڕەشە و گوشاری بەردەوامی هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە زێدی خۆیان بەجێهیشتووە و بەناچاری روویان لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی وڵاتی ئێران کردووە.

سەچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند: چەند رۆژ پێش ئێستا مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات چووبوونە ماڵی پەیغام حێشمەتی و بە هاوسەری ئەو چالاکە سیاسیەیان راگەیاندبوو کە لە ئەگەری بەردەوام بوونی چالاکییەکانی پەیغام، بەرەوڕووی دەستبەسەری و زیندانی کردن دەبنەوە.

پەیغام حیشمەتی ماوەیەک پێش ئێستا پاش ئەوەی کە بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ کرابوو، بەهۆی هەست بە مەترسیی دادگایی کران و لێپرسینەوە بە ناچاری رووی لە یەکێک لە وڵاتانی ئوروپایی کردبوو.

ناوبراو پاش چوونە دەرەوەی لە وڵات، چەندین وتار و بڵاڤۆکی رەخنەیی لە سەر حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڵاو کردوەتەوە.