بزووتنەوەی مەدەنی ـ خەباتی شار

19:50 - 22 بانەمەڕ 2715
Unknown Author
جیهان کەرەمی

دیارە نەتەوەیەکی بن دەست کە بە دوای دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی خۆیەتی، دەبێ لە هەر دەرفەتێک بۆ دەربرینی نارەزایەتی خۆی و وەگەرخستنی گڕی خەبات کەڵک وەرگرێ.

مەرگی گوماناوی \"فەریناز خوسرەوانی\" رووداوێکی دڵتەزێن بوو کە چەخما‌غی لە رقی پەنگ خواردووی خەڵکی مەهاباد دا و وەک زۆربەی شۆرشەکان کوت و پر دەستی پێ کرد و هیندێک شتی خوازراو و نەخوازراوی لێکەوتەوە و دوا لەرزەکانی ئەو بوومە لەرزەیە ئێستاش زۆر شوێن و بە تایبەت فەزای مەجازی دەلەرزێنێتەوە.

یەکێک لە و رووداوانەی کە لە ئاکامی کۆبوونەوەی خەڵک لە بەر دەم هۆتێل تارا واتا شوێنی رووداوەکە قەوما، ئاگر دانی هۆتێلەکە بوو کە بوو بە هۆی سازبوونی دوو روانگە کە یەکیان وەها کاریکی بە شیاو و رەوا دەزانێ و پێی وایە کە ئەوە شوێنێکی سەر بە دەسەڵات و مەکۆی چێ کردنی پلانەکانی دەسەڵاتە و روانگەی تر کە لە سەر ئەو باوەرەیە کە سووتاندنی هٶتێل وەک کارێکی بە پەلە و تووند و تیژانە دەتوانێ ببێتە هۆی سەرکوتی زیاتر و بەهانە بۆ لەمپەرخستنی سەر پێشکەوتنی ئابووری شار لە لایان دەسەڵاتەوە.

جیاوازی ئەو دوو بۆچوونە دەچێتەوە سەر دوو شیوە بۆچوون بۆ خەبات و شێوەکانی شوێندانەری شۆرش. بۆچوونی یەکەم پێی وایە کە خەباتی مەدەنی لە گەڵ رێژیمێکی درەندەی وەک کۆماری ئیسلامی رێگەچارەیەکی شیاو نیە و ناتوانێ بگاتە ئاکامێکی ئەوتۆ. لایەنگرانی ئەو بۆچوونە کە زیاتر لە دەرەوەی وڵات و لە نێو حیزبەکان دا هەڵسوورن، باوەریان بە تووند و تیژی و خەباتێکی ئاگرین و بێ بەزەییانە هەیە. روانگەی دووهەم کە قایل بە خەباتێکی نەرم و درێژخایەن بە کەمترین تێچوویە و ئەبزاری نەرم و کاناڵی مەدەنی وەک باشترین کەرەسە دەزانێ.

لە دوای رووداوی هۆتێل تارا ئەو دوو بۆچوونە تێک ئالقان و بە تایبەت ئەو کەسانەی سەر بە بۆچوونی رادیکاڵ و تووند و تیژ بوونی شۆرشن، بە شێوەیەکی ناحەز و نابەرپرسیارانە هەلیانکووتا سەر لایەنگرانی خەباتی مەدەنی و ئەو کەسانەی کە وا لە ئاست تووند و تیژیەکانی دوای رووداوەکە رەخنەیان هەبوو. لێرە دا ئەو پرسیارە دێتە گۆرێ کە ئایا بە راستی ئەو دوو بۆچوونە دژی یەکترن؟ یا بە پێچەوانە تەواوکەر و پالپشتی یەکتر؟

ئەگەر چاوخشاندنێکمان بە مێژووی خەباتی وڵاتانی تر دا هەبێ، بەو ئاکامە دەگەین کە خەباتی مەدەنی دەتوانێ تەواوکەر و پاڵپشتی خەباتی سیاسی و نیزامی بێ و لە زۆر جێ کە مەجاڵ و دەرفەت بۆ خەباتی سیاسی و چەکداری بوونی نیە، خەباتی مەدەنی و چالاکانی مەدەنی دەتوانن ژیلەمۆی ئاگری شۆرشی تەواوکەر زیندوو راگرن.

بە داخەوە رووداوەکانی ئەو چەند رۆژە نیشانی دا کە جگە لە لەوەی کە هیچ پردێکی پێوەندی لە نێوان ئەو دوو شێوە روانین و جۆری خەباتە نیە، بەلکوو زۆر بە ئاسانی دەتوانن تێک ئالقێن و لە بەرامبەر یەکتر راوەستن؛ لە حالێکدا کە ئەوە یەکێک لەو دەرفەتانە بوو کە دەکرا ئالقەیەکی پێوەندی لە نێوان ئەو دوو روانگەیە و تەنانەت بە قەولێک خەباتی شار و شاخ دا ساز کرێ.

نابێ لە بیر کەین کە ئێمەی کورد بە هۆی بەرگری و بەرخۆدانی درێژخایەنمان لە بەرامبەر یەکێک لە درەندەترین و لاسارترین رێژیمەکانی دنیا، هەموو کات لە مەترسی سەرکوت و هێرشی نیزامی، سیاسی، فەرهەنگی و ئابووری داین و بۆ مانەوە و بەرگری نیازمان بە شۆرش و بۆ بەرەوپێش بردنی شۆرشیش نیازمان بە پێوەندی شار و شاخ، ژوورەوە و دەرەوە، رووناکبیر و شۆرشگێر هەیە.

بەرچەسب لێدان و رووخاندنی کەسایەتیە رووناکبیرەکان و خەباتکارانی مەدەنی، لە حالێکدا کە لە نێو وڵات دا و لە بن ددانی گورگ دا، دڵسوزانە خەریکی چالاکین، خەساری زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە کە کەلێن تێکەوتن و لێک دابرانی هەرچی زیاتری شار و شاخ و دەرەوە و ژوورەوە، تەنیا یەکێک لەوانە.

لە بیرمان نەچی کە بەشێک لەو کەسانەی کە هێستا لە دەرەوە و لە نێو حیزبەکان دا خەبات دەکەن، زەمانێک لە نێو گۆڤارەکان، بزووتنەوە خوێندکاریەکان، بزووتنەوە پیشەییەکان، ئەنجوومەنە ئەدەبیەکان و ... دا هەلسوور و خەباتکار بوون.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی وئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.