برینداربوونی کۆڵبەرێکی کورد لە شاری بانە

14:39 - 23 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری بانە، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە، لە سنووری ئەو شارە بریندار و ڕەوانە نەخۆشخانە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەشەممە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ڕەووف عارفی\" تەمەن ٥٠ ساڵ بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری بانە، بریندار کرا.

هێزە حکوومەتییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرە کردووە و ناوبراو بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە سەلاحەدینی شاری بانە کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ٢٠ی ڕەشەممە، کۆڵبەرێکی کورد، تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری مەریوان، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی \"تەتە\" لە شوێنێک بە ناوی \"تەخمگا\" بەرانبەر بە \"گوناو\" لە ناوچەی هەورامان، گیانی لە دەست دا.