برینداربوونی کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری ورمێ

14:05 - 8 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ورمێ، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە چیا سنوورییەکانی ئەو شارە بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، کاروانێک لە کۆڵبەران لە چیای \"داڵامپەر\"، لە ناوچەی مەڕگەوەڕی ورمێ، دەکەونە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی \"زوبەیر ڕەحیمی\"، تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی عەبدولواحید بریندار دەبێت.

ئەو کاروانی کۆڵبەرانە بەبێ ئەوەی کەلوپەلی قاچاخیان پێ بێت و بەبێ ئاگادارکردنەوە وەبەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزه نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کەوتوون.

زوبەیر ڕەحیمی، بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە نێوقەدییەوە بە توندی بریندار بووه.

لەو پێوەندییەدا، شەوی سێشەممە ٤ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی دیکەش، بە ناوی \"یاسین ڕەحیمی\"، کوڕی ناسر، خەڵکی گوندی \"بڵەسەن\"، سەر بە شاری بانە، لە نێو ئاودا خنکا، کە تەرمەکەی لە لایەن کۆڵبەران و خەڵکەوە لە نێو ئاودا دۆزراوەتەوە.