برینداربوونی کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری نەوسوود

20:06 - 12 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری نەوسوود بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئامانج شوکری\" کوڕی تۆفیق خەڵکی نەوسوود بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری ئەو شارە بریندار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکان بە بێ ئاگادار کردنەوە ئەو کۆڵبەرەیان کردووەتە ئامانج.

ئەو سەرچاوەیە گوتی: ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراوە.

لەم پێوەندییەشدا، چەند ڕۆژ پێش، کاروانێک لە کۆڵبەران لە چیای \"داڵامپەر\"، لە ناوچەی مەڕگەوەڕی ورمێ، دەکەونە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی \"زوبەیر ڕەحیمی\"، تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی عەبدولواحید بریندار دەبێت.

ئەو کاروانی کۆڵبەرانە بەبێ ئەوەی کەلوپەلی قاچاخیان پێ بێت و بەبێ ئاگادارکردنەوە وەبەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزه نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کەوتبوون.