برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە سنووری سەردەشت

21:18 - 3 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری سەقز بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری شاری قەڵادزێ و سەردەشت بریندار بوون.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی بەفرانبار، گرووپێک لە کۆڵبەرە کوردەکان لە سنووری نێوان شاری قەڵادزێ و سەردەشت کەوتنە کەمینی نیزامییە حکوومەتییەکان و به هۆی تەقەی نیزامییە حکوومەتییەکانەوە دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری سەقز به توندی بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی شاری قەڵادزێ ڕاگوێزرانەوە.

\"عوسمان محەممەد\"، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ، لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری کوردپادا وێڕای، جەخت کردنەوە لە سەر ئەم ڕووداوە، شوناسی ئەم دوو کۆڵبەرە کوردەی \" ئیبراهیم محەممەد ڕەحیم\" تەمەن ٤٠ ساڵ و \" عەتا محەممەدزادە\" تەمەن ٤٨ ساڵ ڕاگەیاند.

ناوبراو وتی: ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە چارەسەری پزیشکییان وەرگرتووە و ئێستاکه لە نەخۆشخانەدان.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"عەلی مام وەیسی\" تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی ئەبووبەکر، خەڵکی \"باسک کولسە\" و نیشتەجێی سەردەشت به تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لاقی بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە کوردە به هۆی سەختی برینەکانیەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ و دۆخی گشتیشی نالەبار ڕاگەیەندراوە.