برینداربوونی دوو کاسبکاری کورد لە شاخەکانی سیاکێوی شنۆ

14:50 - 3 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو کاسبکاری کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە شاخی سیاکێودا، بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، دوو کاسبکاری کورد، بە ناوەکانی \"مەلا نەجمە ئەسفەناک\"، خەڵکی گوندی \"سۆفیان\" و \"عەبدولقادر جەسووری\"، خەڵکی گوندی \"نەڵۆس\"ی شاری شنۆ، لە لایەن پایەگاکانی حکوومەتەوە تەقەیان لێکراوە و بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"سەرەڕای برینداربوونی ئەو دوو کاسبکارە کوردە، چەند سەر ئەسپی کاسبکاران، لەنێوچوون.\"

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، دەستیان بە سەر شتومەک و کەرەستەی ئەو کاسبکارانەدا گرتووە.\"

ئەو دوو کاسبکارە بۆ چارەسەریی پزیشکی، ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراون.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی بانەمەڕ، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"ناسر (جەهانبەخش) حوسێنی‌پوور\" و \"موحسێن حوسێنی‌پوور\"، خەڵکی شاری پیرانشار، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییانی حکوومەت، بریندار بوون.

ئەم دوو کۆڵبەرە کە باوک و کوڕن، لە \"سێلوێـ\"ی پیرانشاردا، تەقەیان لێ کراوە.