باوەڕکردن بە هەڵبژاردنى دیکتاتور

13:06 - 20 رێبەندان 2715
Unknown Author
ئەلبورز رووینتەن

بۆ هەڵبژاردنێکى دێموکراتیک چەند بنەماى ئەساسی وەکو ئازاد بوونى، مافى بەشدار بونى هەموان لە دەنگ دان و بەربژێر بوون، هەبونى کێبەرکێیەکى دادپەروەرانە لە نێوان هەموو بەشداربوان، ئازاد بوونى مافى ڕەخنەگرتن لە بەربژێرەکان و سیاسەتى حکومەت، تەندروست بونى هەڵبژاردن واتە چاودێرى کردن لە لایەن ڕێکخراوەکانى نێونەتەوەى و کۆمەڵگاى مەدەنى پێویستە.

هەڵبژاردن بە بێ ئەو پرەنسیپە گشتیانە تەنها لە وڵاتە دیکتاتۆریەکان دا ئەنجام دەدرێ. لە وڵاتە دیکتاتۆریەکان دا بڕیار لە دەرئەنجامى هەلبژاردنەکان بەر لە ئەنجامى دەدرێ تەنانەت پلانى ئەلف و بێى بۆ دادەنرێ.

نمونەى لەم شێوە زۆرن لە کۆریاى باکوور سەد لە سەدى خەلک بەشدارى لە هەڵبژاردن دەکات و سەرۆکى وڵاتیش هەر بەم ڕێژەیە دەنگ دێنێتەوە.

هەڵبژاردنى بەشار ئەسەد دواى ٣ ساڵ کوشتن و بریندار بوون و ئاوارە بوونى زیاتر لە نیوەى دانیشتوانى وڵاتەکەى بە ڕێژەى ٨٩ لە سەدا. هەلبژاردنى سەدام حسین دیکتاتۆرى پێشوى عێراق بە رێژەى ٩٩ لە سەدى دەنگەکان و زۆر هەڵبژاردنى تر لە وڵاتە ئەفریقاى و پاشکەوتووەکان کە ڕێژەى دەرچون لە سەروى ٩٠ لە سەد دایە. نمونەى ئەو هەڵبژاردنانەن کە لە پڕەنسیپەکانى دێموکراسی دورن لە ڕێژیمە دیکتاتۆریەکان ئەنجام دراوە کەم نین.

ئێرانى کۆمارى ئیسلامىش نمونەیەکى زیندوى ترى ئەم شیوە هەڵبژاردنەىە بە هەمان پڕەنسیپى وڵاتە دیکتاتۆرەکان وبە شێوەیە کى تر کە ئەنجام دەدرێ کە بۆ سەلماندنى پێویستى بە هێنانەوەى بەڵگە ناکرێت. لە وتەکانى ئەم دواییەى ڕێبەرى ڕێژیم و سەرۆک کۆمار زۆر بە ڕوونى یەکسان بوونى هەڵبژاردنى ئیران و کۆریای باکوور دەردەخات. چونکو لە هەردووکیان تەنیا ویستی دیکتاتۆر برواوە دەبێ. لە هەمان کات دا وەکو گەل کەم و زۆر لە نزیکەوە دەبینن کە تا چ ڕادەیەک ئەم پڕۆسەیە لە ژێر کۆنترۆڵى دەسهەلات دایەو و ئەم کۆنترۆڵ کردنەش بە یاسا بۆ خۆیان ڕێکیان خستووە تەنانەت ئەگەر لە شوێنێک بە پێویست بزانن هەروەکو کە لە ڕاپۆرنى ڕێکخراوى چاودێرى نێونەتەوەى سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى ئێران دا هاتوە لە سەرووى ئەو یاسایانەش باس لە دەست تێوەردانى کەسانێک لە کاروبارى هەلبژاردن بەو جۆرەى خۆیان دەیانهەوێ دەکات. ئەوەى جیگاى سەرسوڕمانە بەو هەموو بەڵگە لۆژیکانە، چەند دەستەیەک دەیانهەوێ هەلبژاردن وەکو سەکۆى گۆڕانکارى لە ئێرانى دیکتاتۆرى دا وێنە بکەن.بەردەوام بە دواى ڕۆڵ گێڕانن لەو چوارچێوەیەدا.

ڕیفۆرم خوازان: بەو کەسانە کە بڕوای تەواویان بە دەستورى ئێران، بە ئاڕمانەکانى خومێینى، بە ئەسڵى ولایەتى فەقى و حکومەتى شیعەى ١٢ ئیمامى هەیە لە هەمان کات دا خۆیان جوداتر لە کەسانى نزیک لە خامنەى نیشان دەدەن و تەنیا داوایان بەشدارى لە جۆرى حکومەت کردنە لە ڕووکار دا کەمێک کراوەتر و بە دەم پیکەنین ترن لە ناخ دا هەڵقولاوى بزوتنەوەى \"ڕوحانیون مبارز\"ن کە شۆڕشی گەلانی ئێرانیان دزى و بەم ئاراستەیان دا برد. سەڕەرای ئەوەى هەمویان بە درێژاى تەمەنی ڕێژیم لە پۆستە سەرەکیەکانى حکومەت بونە و گۆڕانکاریەکى ئەوتۆیان نەکردووە. بەڵام لە سەردەمى هەر هەڵبژاردنێک وەکو مامۆستاى بەخشینى هیواى پوچ هەوایەک لە نیو خەڵک دا بۆ بەشدارى کردن لە هەڵبژاردن دروست دەکەن و دواى هەڵبژاردن هەمان ئامرازى سەرکوت کردن و درێژکردنى تەمەنى سیستەمى کۆمارى ئیسلامین. هەندێک لە کوردەکانیش لەو خۆش باوەڕانەن جیا لە باش بوونى باروو دۆخی ئێران هیواى هێنانە گۆڕى داواکارى نەتەوەیەکانیشیان بەو دەستەیە هەیە و هاوکاریان دەکەن و دەبن بە بشێک لە مۆتۆڕى چەواشەکارى بۆ بەشدارى خەڵک لە هەڵبژاردن.

بە شێک لە ئۆپزسیونى ئێرانى: دواى گەرم بوونى بازاڕى ڕیفۆرم خوازەکان و ئەو بەڵینانەى دەدن کاریگەرى بەسەر سیاسەتى بە شیک لە دژبەرانى ڕێژیمى کردوە کە هیوایان بە هەلبژاردنەکان زۆر بووە وا بیر دەکەنەوە کە دەتوانرێت سود لەو هەلبژاردنانە وەربگیرێت. ئەوەى کە پەیوەندى بە ئۆپزسیونى غەیرە کورد بێت، لە بەر ئەوەى زۆر پەرتەوازەو لاوازن کاریگەریەکى ئەوتۆى بەسەر ناوخۆ دا نیە. هەندێکیش هەر وەکو کەسایەتى پشتیوانى لەم جوڵانەوانە دەکەن کە ئەوپەڕى کاریگەریەکەى تا سەر شاشەى تیڤیەکان دەڕوات نە زیاتر. بەڵام ئەوەى پەیوەندى بە کوردەکانىدژی ڕێژیم هەیە جێگاى تێڕامانە، کە چۆن دەتوانن پشتگیری لە وەها شانۆیەک بکەن، کە لە بەرنامەى خۆیان دا ئێران بە دیکتاتۆر و نەبوونى ئازادى مەحکوم دەکەن. باس لە پارادۆکسی نێوان بەرنامەى کارو پشتگیری کردنى هەڵبژاردنێکى نادێموکراتیک ناکەم. بەڵام ئەم جۆرە هەڵوێست گرتنە ئەو پرسیارە دروست دەکات کە چۆن دەتوانن هیوا ببەستن بە دروست بوونى گۆڕانکارى پۆزیتیڤ و پشتگیرى لە بەشدارى کردن دەکەن لە بارودۆخیک دا کە هەموو ئەوانەى کە کەم زۆر دەتوانن یاساکانى سیستەمى کۆماری ئیسلامى بخوێنەوە یا ئەوەى بۆ ساتێک لە کردەوەو گۆتارى چەندین ساڵەى کۆمارى ئیسلامى ورد ببێتەوە. یا ڕاستیەکانى سیاسەتى کۆمارى ئیسلامى لە نێوخوی و ناوچەدا بخوێنتەوە یا بە کەڵک وەرگرتن لە زانستی بەرئاورد کردن ئەو هەڵبژاردنانەلەگەڵ هەموو ئەو هەڵبژاردنانەى گە لە وڵاتانى دێموکراتیک و یا نیو یا بەشێک لە دێموکراسی تێیدا جێبەجێ دەکرێ بەرئاورد کردبێت. دەپرسێ
- ئایا کە ئەم هەلوێستە تەنیا لە بەرژەوەندى کۆمارى ئیسلامى دا نیە ؟

- ئایا چۆن دەتوانریت پشتگیری لە هەڵبژاردنێک بکرێت کە خۆم بە هۆى بیر کردنەوەى سیاسی جیا نە تەنیا مافى بەشداربونم نیە بەڵکۆ دونیایەک قوربانیم بە دەست بەڕێوەبەرانى دا لە مێژووم دا هەیە؟

- ئایا پشتگیری کردن نائومێد بوون یا بە جۆرێک رەتکردنەوەى ئەو جۆرە خەباتە نیە کە ئێستا تێیداین؟

- ئایا دەکرێ لە پێناو پڕۆژەیەکى ئاوەدانکردنەوە دەست لە داخوازیە گرنگەکانى ترمان هەلگرین؟

وە زۆر پرسیارى تر کە تیشک دەخاتە سەر ئەم شیوازە هەڵوێست گرتنە.هەروەها بە شێوەیەکى راستەو خۆش نەبێ بەڵام خزمەت کردن بە دوژمن و دورکەوتنەوە لە بەرەى خەباتى رەواى گەلەکەمان بە هەندێ هەلوێست لە خزمەتى گەل و نیشتمان نابینم.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی وئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.