بانگهێشتی لاوێکی کورد بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان

15:29 - 9 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی مەریوان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و لێپێچینەوەی لێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی خاکەلێوە، لاوێکی کورد بە ناوی \"کامران قادری\"، ٢٥ ساڵە، کوڕی کاوە، خەڵکی گوندی \"سەردۆش\"، سەر بە شاری مەریوان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هۆکاری بانگهێشتی ئەو لاوە کوردە، بەشداری چالاکانە لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، لە گوندی \"سەردۆش\" بووە.

ئەم سەرچاوە هەروەها وتوویەتی: ناوبراو لە دوای چەند کاتژمێر لێپێچینەوە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، ئازاد کراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٦ی خاکەلێوە، لاوێکی خەڵکی گوندی \"سەردۆش\"، سەر بە شاری مەریوان، بە ناوی \"عادڵ نیکخاه\"، ٢٣ ساڵە، کوڕی عومەر، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٥ی خاکەلێوە، دوو لاوی کورد، بە ناوەکانی: \"ئەرسەلان نیکخا\"، تەمەن ٢٤ ساڵ، کوری عارف و \"ئارش نەوزەری\"، تەمەن ٢٣ ساڵ، کوڕی فایەق، خەڵکی گوندی \"سەردۆشـ\"ـی مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.