بانگهێشتکردنی بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات

14:37 - 15 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی مەهاباد و شنۆ، بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانیان بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کردووە و داوایان لەو بنەماڵانە کردووە کە کوڕەکانیان دەست لە ئەندامێتیی حیزبە کوردییەکان هەڵبگرن و بیانهێننەوە بۆ ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ لە بەرەبەرەی ٢٢ی پووشپەڕدا، بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی بانگهێشت و دوای دوو کاتژمێر لێپرسینەوە، ئازادیانی کردووە.

یەکێک لە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئیدارەی ئیتلاعات بە ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکانی وتووە کە دەتوانن کوڕ و کچەکانتان بهێننەوە ئێران و ئەمنییەتی گیانیان پارێزراوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ بە شیرینی و چای، پەزیرایی لە بنەماڵەکان دەکەن و هەروەها باسی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران لە هەمبەر ئاوەدانی و ئەمنییەت لە کوردستاندا دەکەن\".

لە لایەکی دیکەوە، لە شاری مەهاباد، چەند بنەماڵەی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کراون و داوای هاوکاری یان هێنانەوەی منداڵەکانیان بۆ ئێرانیان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، بە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانیان ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری ئامادەبوون بۆ هێنانەوەی منداڵەکانتان، ئێمە هاوکاریتان دەکەین و هەموو ئامادە کارییەکانتان بۆ دەکەین\".

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: \"دوای چەند جارێک بانگهێشتکردنی بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان لە شاری مەهاباد، ئەو بنەماڵانە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و پێیان ڕاگەیاندووە کە لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، ئەمە سێهەمین جارە ئێمەتان بانگهێشت کردووە و بە دانانی چای و شیرینی پەزیرایی لە ئێمە دەکەن، ئێمەش دەزانین مەبەستی ئێوە لەم بانگهێشت و پەزیراییە، چییە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: \"ئەو بنەماڵە بانگهێشتکراوانە بە ئیتلاعاتی شاری مەهابادیان ڕاگەیاندووە کە جارێکی دیکە ئێمە ناتوانین سەردانی ئیتلاعات بکەین و ئیتر بانگهێشتنامەمان بۆ مەنێرن\".

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە هۆی چالاکیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەت، گوشاری زیاتریان خستووتە سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان. چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە ئەو کارەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت، بۆ ترساندنی خەڵکی کوردستان و زیاتر ئەمنییەتیکردنی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.