بانگهێشت کردنی ژنە شاعێرێکی کورد و دوو چالاکی کرێکاری بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان

20:05 - 9 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ژنە شاعێرێک و دوو چالاکی کرێکاری بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی ڕەشەممە، سیمین چایچی، شاعێر و داکۆکیکار لە مافی ژنان، خالید حوسێنی و موزەفەر ساڵح‌نیا، چالاکی کرێکاری و ئەندامی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ئەو سێ چالاکە کوردەی بە هۆی چالاکی خۆیان و لە بەرەبەری ڕۆژی ٨ مارس و جێژنی نەوروز بانگێهێشت کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئیدارەی ئیتلاعات، هەڕەشەی لەو چالاکانە کردووە، بۆیان نییە لە ڕێوڕەسمەکانی ٨ مارس و جێژنی نەورۆز بەشداری بکەن.

لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٥ لاوی خەڵکی گوندی \"نێ\"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کران و هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لێکردوون لە بەشداری کردن لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز خۆببوێرن.