بانگهێشت و هەڕەشە لە چالاکانی مەدەنیی شاری دیواندەرە

22:20 - 7 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە سەر چالاکانی مەدەنیی لە شاری دیواندەرە ڕووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش دەسبەسەر کردنی ئومید شامحەممەدی و حامید نێرکسی لە چالاکانی سێنفی مامۆستایانی شاری دیواندەرە، ناوەندە ئیتلاعاتییەکان گوشاری زیاتریان خستووەتە سەر چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی ڕابردوودا، ئەمیر محەممەدخانی چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری دیواندەرە کە پێشتر بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو، بانگهێشتی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان کرا و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ڕێگای تەلەفوونەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکردنیان لە هیوا قورەیشی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارە، کردووە.

شەوی شەممە ٣ی سەماوەز، چالکێکی سێنفی مامۆستایان بە ناوی \"حامید نێرگسی\" خەڵکی شاری دیواندەڕە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر کرا.

هەر لەو پەیوندییەدا، ئومید شامحەممەدی، مامۆستای دەسبەسەر کراوی کورد خەڵکی شاری دیواندەڕە کە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، ڕۆژێک پاش مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان دەسبەسەر کراوە، لە گرتنگەی قەراگای سپای شارامفەری شاری سنە دایە.