بانه/ کۆڵبەرێکی کورد لە ناو ئاودا خنکا

15:27 - 5 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە کەوتووەتە ناو ئاوی چۆمی \"زەڵێ\" و گیانی لە دەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێشەممە ٤ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"یاسین ڕەحیمی\" کوڕی ناسر خەڵکی گوندی \"بڵەسەن\" سەر بە شاری بانە لە ناو ئاودا خنکا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە لە کاتی کۆڵبەری کەوتووەتە ناو ئاوی چۆمی \"زڵێ\" و خنکاوە.

ئەم سەرچاوەیە گوتی: \"تەرمی ئەو کۆڵبەرە لەلایەن کۆڵبەران و خەڵک لە ناو ئاودا دۆزراوەتەوە\".

لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"فەرشاد میرزایی\"، کوڕی \"ئەسەد\" خەڵكی گوندی \"بلسووری سۆفلا\"، سەر بە شاری خۆی، به هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە لای ڕانییەوە بە توندی بریندار کراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری وان لە کوردستانی تورکیە ڕەوانە کراوە.

هاوکات ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"ستار خزری\"، تەمەن ٣٦ ساڵ کوڕی حامید، لە سنووری شاری سەردەشت و ڕانیە، به هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکان، بە توندی بریندار بوو.