بارودۆخی جەستەیی هاووڵاتییەكی دەستبەسەر كراوی كورد نالەبارە

14:30 - 21 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: بارودۆخی چالاكێكی ژینگە پارێزی شاری سنە كە ماوەی 20 رۆژە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی ئەو شارەوە دەستبەسەر كراوە، نالەبارە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە شاری سنە، وریا خوسرەی چالاكی ژینگە پارێز و خەڵكی شارەکی حەسەن ئاوا ماوەی 20 رۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر كراوە و بردوویانەتە ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە.

هەر لەو پێوەندییەدا بنەماڵەی ئەو دەستبەسەركراوە نیگەرانییان لە بارودۆخی جەستەیی وریا خوسرەوی دەربڕیوە و وتوویانە \" ئەو چالاكە ژینگە پارێزە لەژێر گوشاری روحی و جەستەیی دایە\" و خوازیاری بەدواداچوون لە بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە كوردە لەلایەن ناوەندەكانی مافی مرۆڤەوە بوون.

وریا خوسرەوی لە چالاكانی ژینگە پارێز و ئەندامی كۆمەڵەی سەوزی كوردستانە.