بارمتەی سێ هاووڵاتیی کورد دەخرێتە موزایدە

16:34 - 23 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی کەیفەریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ، حوکمی موزایدەی بارمتەی سێ هاووڵاتیی کوردی دەرکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارمتەی سێ هاووڵایتیی کورد بە ناوەکانی "حاسڵ عەزیزی، جەلال و کەماڵ مەسرووری"، بە  بڕی ٦ میلیارد ڕیاڵ، خرایە موزایدەوە.

موزایدەی بارمتەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەر، لە نووسینگەی بەڕێوەبەریی تاوانە کەیفەرییەکانی دادسەرای شاری شنۆ بەڕێوەدەچێت و موزایدە لە نرخی خوارەوە و بۆ بەرزترین نرخ هەڕاج دەکرێت.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ حوکمی ئێعدامی بۆ "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" و حوکمی ١٠٠ ساڵ زیندانیی بۆ "حاسڵ عەزیزی، محەممەد زاهید فەرامەرزی، یەعقووب بائیکەرام، جەلال مەسرووری، کەماڵ مەسرووری و سدیق بائیکەرام" دەرکرد.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی "قەرەسەقەل"، سەر بە شاری شنۆی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" مەحکووم کردبوو.

مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦، دۆسیەی تاوانبارانی قەرەسەقەل پاش پێشێلکردنی لە دیوانی باڵای وڵات جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ تاوتوێ کرا و تۆمەتلێدراوان دووبارە دادگایی کرانەوە و بەپێی حوکمی دادگا، "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور کوڕی "ئەبووبەکر" بە ئێعدام، "حاسڵ عەزیزی" بە ٢٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "جەلال مەسرووی" بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "کەماڵ مەسرووی" بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "محەممەد زاهیر فەرامەزری" بە ٢٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری و "سدیق بائیکەرام" بێتاوان ناسرا.