ئایا پێوەندی ئێران و بزووتنەوەی تاڵیبان بەمزوانە کۆتایی پێ دێت؟!

21:56 - 10 جۆزەردان 2716
Unknown Author
عارف شێخ ئەحمەدی

بەشی یەکەم:
دەستپێکی درووستبوون و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی توندئاژۆی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٩٤ و لە میانەی شەڕێکی قورس لە نێوان ئەو گرووپە ئەفغانیانەی کە چبوونە ناوجەرگەی ناوچەی ناسراوی (سپین بوولدەک) سەر بە ویلایەتی قەندەهار لە باشووری ئەم وەڵاتە، گرووپێک بە ناوی (تحریک اسلامی طلبای کرام)بوونە هەوێنی خۆگرتن و جوڵانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان.

ڕێبەرانی ئەم گرووپە سەرەتا بە دروشمی جیهاد لە دژی کوفر و بە پێویست زانینی شەڕ دەگەڵ پاشماوەی ئەو کەسانەی خیانەتیان لە ئەفغانیەکان کردبوو لە کاتی داگیرکردنی ئەم وەڵاتەدا لە لایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە، هەروەها سڕینەوەی ئاسەواری هەر جۆرە پێشکەوتنێک کە بۆن و بەرامەی کلتووری ڕووس و ڕۆژئاوای پێوە دیار بێت، وەک یەکەم بەردی بناخەی هزری مەزهەبی خۆیان کردیانە پێناسەی سەرەکی و بەرنامەی گرووپەکەیان.

ژومارەیەکی یەکجار زۆر لە ڕێبەر و ئەندامانی سەرەکی تاڵیبان خوێندی مەزهەبیی و شەرعییان لە پاکستان و چەند وەڵاتێکی عەڕەبی تەواو کردبوو و هەر بۆیەش پێوەندییەکی توند و تۆڵیان دەگەڵ هاوڕێ و هاوبیرانی خۆیان لەم وەڵاتانەدا هەبوو و دواتریش لە چۆنیەتی پێوەندی ئۆسامە بن لادەن و ئەندامانی دیکەی عەڕەب و هەروەها داڕشتنی فۆڕمێکی هاوشێوە لە تاڵیبان بە ناوی تاڵیبانی پاکستان لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ناوچە شاخاوییەکانی پاکستان دەگەڕێتەوە هەر بۆ ئەم وێکچوون و بیروباوەڕ و هاوڕێیەتیەی خوێندکارانی مەزهەبی کە کاتی خۆی پێەکەوە لە قوتابخانە کۆک و هاوڕا بوون لە سەر چوارچێوەی فکریی ئیسلامیی توندڕەو و تایبەت دا کە دواتر ناسران بە بزووتنەوەی تاڵیبان.

گرووپی تاڵیبان ئیتر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە هێزتر دەبوو، وەک هەنگاوی یەکەم دەستیان کرد بە ڕاماڵینی دەوڵەتی موجاهیدین بە ڕابەرایەتی بورهانەددین ڕەببانی لە شارەکانی باشووری ئەم وەڵاتە و لە ماوەی یەک مانگ دا توانیان تەواوی شار و گوندەکانی ویلایەتی قەندەهار داگیر بکەن.

خاڵی هەرە گرینگ و مێژوویی بۆ تاڵیبان داگیرکردنی شاری کابول بوو وەک پێتەختی ئەفغانستان لە ڕێکەوتی ٢٦ی سپتامبری ساڵی ١٩٩٦.

بزووتنەوەی تاڵیبان پاش ئەوەی دەستیان گرت بە سەر کابول دا، لە چواڕیانی \"ئاریانا\" و لە نزیک کۆشکی کۆماری، هەر یەک لە سەرۆک کۆماری پێشووی ئەفغانستان واتە دوکتور نەجیبوڵڵا موحەمەد و براکەی یان کوشت و لە بەرچاوی خەڵکی شارەکە هەڵیانواسین و دواتریش ناوی ڕێکخراوەکەیان بە \"ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان\" لە رادیۆ و تەلەویزیونی ئەفغانستان دا بە فەرمی ڕاگەیاند.

تا ئەم کاتە هیچ هەواڵێکی ئەوتۆ لە پێوەندی تاڵیبان و ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ لە ئێران لە ئارادا نیە و دەوڵەتی ئێران بە ڕواڵەت لە ئاست ڕووداوەکانی ئەفغانستان خۆی لێ کپ و مت کردووە.

دواتر تاڵیبان گەیشتنە شاری بامیان لە ناوەڕاستی ئەفغانستان کە زۆرینەی خەڵکەکەی پێکهاتووە لە نەتەوەی ناسراو بە \"هەزارە\" کە سەرجەمیان شیعە مەزهەبن و بە درێژایی مێژووی سیاسی ئەفغانیەکان، ناسنامە و چۆنیەتی هاتنی هەزارەکان بۆ ئەم وەڵاتە بووەتە خاڵی ناکۆکی و گرفتی سیاسی و شەڕی تایفی لە نێوان پێکهاتە جیاجیاکانی ئەفغانستان دا.

بە کوشتنی چەند کەس لە ڕێبەرانی نەتەوەی هەزارەی شیعە بە تۆمەتی دزیی و بڵاوکردنەوەی خورافات و زوڵم کردن لە خەڵک و خەیانەت لە وەڵات لە کاتی هاتنی ڕووسەکان و دواتریش هەڵاتنی بەشێکی زۆر لە خەڵکی هەزارە بۆ ئێران و بەتایبەت بۆ پارێزگای خوراسان و شاری مەشهەد، کۆماری ئیسلامی پەیامێکی بۆ تاڵیبان نارد و ڕایگەیاند ئەم هەڵسووکەوتەی ئەوان دوورە لە برایەتی و ناکرێت درێژە بەم کردەوانە بدرێت و ئێران لێی بێ دەنگ بێت.

بەڵام تاڵیبان کە لەوپەڕی دڵخۆشی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و لە مەیدانەکانی شەڕدا سەرکەوتنیان بۆ خۆیان تۆمار دەکرد هیچ حیسابێکیان بۆ ڕێژیمی ئێران نەکرد و تەنانەت کاتی داگیرکردنی شاری مەزار شەریف بە کوشتنی چەند دیپڵۆماتێکی ئێرانی لە ڕێکەوتی ٨ی ئاگۆستی ١٩٩٨ بە توندی وەڵامی ئێرانی دایەوە و چەند جاریش هێرشی کردە سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران کە بە بیانووی ڕاوەدوونانی چەند کەسایەتیەکی شیعەکانی هەزارە و نەیارانی خۆی پاساوی بۆ دەهێناوە و بە هیچ شێوەیەک حازر نەبوو وەک عورفی دیپڵۆماتیک داوای لێبووردن لە ئێران بکات و وەڵامی گازندەی ئێران بداتەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە باروودۆخێکی تایبەت دا بوو، لە لایەک رۆژ لە دوای ڕۆژ تاڵیبان بە هێز دەبوو و وەڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت تورکیە و ڕووسیاش خەریکی پێوەندی نهێنی بوون دەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەی سەردەمانێک وەک لایەنگری سیاسەتەکانی ئەوان لە ئەفغانستان دەناسران و تاڵیبان هەموویانی شار بەدەر کردبوو و لە لایەکی دیکەش حەزی نەدەکرد بە شەڕ دەگەڵ تاڵیبان بجووڵێتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەیهەویست بە تەقیە و دووڕوویی، بوونی ئەوان وەک پەیامهێنەری ئازادیی لە ئەفغانستان و نەیاری سەرەکی ئەمریکا و ڕۆژئاوا هەڵخەڵەتێنێت و مەدحی دەکردن.

چەندین جار وەفدی نهێنی ئێران بە بیانووی ئازادکردنی دیپڵۆماتە ئێرانیەکان هاتوچۆی ڕێبەرانی تاڵیبانیان کرد و دواتریش وەزیری دەرەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان سەردانی ئێرانی کرد و وردە وردە دۆخەکە هێور بوویەوە.

بەڵام ڕێژیمی ئێران بەم سیاسەتەش نەوەستا و ڕاهێنانی نیزامی بە دەیان و بگرە سەدان ئەندامی تاڵیبانی لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەکرد و دەیزانی درێنگ یان زوو دەبێ قەڵەویان بکات و بە ئەمریکایان بفرۆشێت بە مەبەستی سەرخستنی سیاسەتەکانی خۆی و خۆ دزینەوە لە گوشاری نێودەوڵەتی بە ڕێبەری ئەمریکا کە لە سەر مەسەلەی دەستڕاگەیشتن بە ئۆرانیۆم و چەکی ناوەکی مەلەفەکەی لێ ئەستوورتر دەبوو و هەروەها خۆ ڕزگارکردن لە گوشاری مەزهەبی سوننە کە چوار دەوری ئێرانیان پێچ دابوو و بە دامەزراندنی تاڵیبان ئەم بازنەیە بە دەوری ئێران دا بە یەک دەگەیشتەوە و کۆتایی پێ دەهات و پەلەقاژەێی سیاسی و سیخوڕی ئێران و ئاژاوە نانەوەی ئەو بە بیانووی پشتیوانی لە شیعە دەخرایە کونتڕۆڵی تەواوە.

ڕێژیمی ئێران ماوەیەک ویستی بە درووستکردنی چەند گرووپی چەکداری ئەفغانی زەبر لە تاڵیبان بوەشێنێت و هاوکات پێوەندی ژێراوژێری دەگەڵ تاڵیبان هەر ڕاگرتبوو، ماوەیەک گوڵبەدین حیکمەتیار کە سەرۆکی حیزبی ئیسلامی ئەفغانستان بوو لە ماڵە تایبەتەکەی خۆی لە تاران ببوە ناوبژیوانی ئێران و تاڵیبان لە سەر کێشەکانیان و دواتریش ئێران لە دوای ڕووداوی یازدەی سپتامبری ٢٠٠١ی ئەمریکا، هەلەکەی قۆزییەوە و بە کاتێکی گونجاوی زانی کە زەبرێکی کاریگەر و گورچکبڕ لە تاڵیبان بدات و زۆر بە ئاشکرا زانیاری زۆر ورد و گرنگی لە سەر جێگە و شوێن و هێزی نیزامی و لۆجێستیکی تاڵیبان بە ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە بەرانبەر چەند قازانجێکی خۆی دا فرۆشت و خەنجەری لە پشتەوە لە تاڵیبان دا.

لە دوای ئەم ڕووداوە ئێران وەک دڵنوایی و دەربڕینی پەژارەی خۆی بۆ تاڵیبان بەپەلە ژومارەیەکی زۆر لە بنەماڵەی ڕێبەرانی تایبەتی تاڵیبان و لەوانە ژن و منداڵی ئۆسامە بن لادەن لە پارێزگای کرمان و بەشێکیش لە نزیک شاری کەرەج حەشار دا و تاڵیبانی ڕازیکرد کە هەردەم ئێران دۆست و لایەنگری ئەوان و سەرجەم دژبەرانی ئەمریکایە لە ئەفغانستان و ناوچەکە و ئەوە ئێران نەبووە کە تاڵیبانی هەرزان فرۆش کردبێت یان خود خیانەتی لێ کردبن، بەڵکوو ئەوە ئیستخباراتی پاکستان و وەڵاتانی عەڕەبی ناوچەکە بوون کە ئەم خیانەتە گەورەیان دەرحەقیان کردووە.!!!

کۆتایی بەشی یەکەم

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.