ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی ئیلام، ٨ ڕۆژە بەردەوامە

20:59 - 29 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سەدان هێکتار لە دار بەڕوو و دار قەزوانەکانی ناوچەی \"بۆڵیـ\"ـی پارێزگای ئیلام، بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەت، بوون بە خۆڵەمێش.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیاتر لە حەوتوویەکە لێڕەوارەکانی ناوچەی \"بۆڵیـ\"ـی پارێزگای ئیلام، لە ئاگردا دەسووترێت و سەدان هێکتار لە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە بوون بە قەقنەس و حکوومەت هیچ هەوڵێکی جیددیی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرە نەداوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: \"سەدان هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە سووتان و هەتا ئەم کاتە هیچ هەنگاوێکی کردەوەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرانە ئەنجام نەدراوە\".

ناوچەی \"بۆڵیـ\"ـی پارێزگای ئیلام، شوێنی ژیانی خشۆکەکانی وەک ماری کلک دووپشکییە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند جۆر لەو مارانە بە سووتاوی دۆزراونەتەوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان داوای لە تەواوی ئەو کەسانەی نزیک لەم کارەساتە کردووە کە هەرچی زووتر خۆیان بگەیەننە ئەو شوێنە و بە کۆنتروڵکردنی ئاگرەکە، پێش لە لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس بگرن.