ئاگردانی لەوەڕگە و پووش و پاوان، لە لایەن فەرمانبەرانی ڕێگاوبانی تیکاب

14:17 - 24 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی ئاگرتێبەردانی لەوەڕگە و پووش و پاوانی یەکێک لە گوندەکانی شاری تیکاب، لە لایەن فەرمانبەرانی ئیدارەی ڕێگاوبانی ئەو شارەوە، زەرەر و زیانێکی زۆر بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، فەرمانبەرانی ئیدارەی ڕێگاوبانی شاری تیکاب، ئاگریان لە لەوەڕگە و پووش و پاوانی گوندی \"سارووجە\" بەرداوە و ئەو لەوەڕگانە بوونە خۆڵەمێش.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرمانبەرانی ئیدارەی ڕێگاوبانی تیکاب، بەبێ هیچ هۆیەک، ئاگریان لە دوو کێوی گوندی سارووجە بەردا و بوو بەهۆی سووتاندنی لەوەڕگەی ئەو دوو کێوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"ئەگەر بەهاناچوونی خەڵکی ئەو گوندە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە نەبوایەت، خەساری زیاتر بە ژینگە و لەوەڕگەی ئەو گوندە دەگەیشت\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بۆ ئاژانسی کوردپا نووسیوویەتی: \"ئیدارەیەک کە بەبێ هیچ هۆکارێک، فەرمانبەرانی بۆ ئاگردانی ژینگە، لەوەڕگە و دارستانی کوردستان هان بدات، ئەوە چ ئیدارەیەکی خزمەتگوزارییە؟! ئەوانە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژانە شایەتی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی کوردستانین بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ و خراپیی ڕێگاوبانەکانی کوردستان و ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو ئیدارەیە ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات\".