ئاگرتێبەردانی سروشت و ژینگەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ژینۆسایدی سەوز

21:33 - 13 گەلاوێژ 2715
Unknown Author
کەمپیەنی نا بۆ سووتاندن و گڕتێبەردانی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان

جەنگەڵ و دارستانەکان یەکێک لە سامانەکانی هەر وڵاتێک و بە سەرچاوەی نەتەوەیی ژیان هەژمار دەکرێن. ساڵانێکە لەناوچوونی ژینگە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە چالاکانی مەدەنی و لەوانیش چالاکانی مەدەنیی کورد بە هەڵگرتنی \"پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە\" بە دەیان ئەنجومەن و کەمپەینی ژینگەپارێزییان دامەزراندووە.

چالاکانی مەدەنیی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات لەو چالاکانەن کە لەپێناو پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەمان چەندین کەمپەین، ئەنجومەن و گرووپیان بنیات ناوە لەو راستایەدا چالاکی دەکەن.

ئاگرکەوتنەوە یەکێک لەو رووداوانەیە کە لە رەوتی مێژوودا خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگە و بە تایبەتی دارستانەکان گەیاندووە.

ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان کە باشتر وایە وەکوو \"ئاگرتێبەردان\" ناوی لێ ببەین، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا داوێنی ژینگە و بە تایبەتی دارستانەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتی گرتووەتەوە و تا دەڕوات ئەم رەوتە روو بە پەرەسەندنە.

پەرەسەندن و بەرینتربوونەوەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەم چەند ساڵەدا، کۆمەڵێک پرسیاری لە مێشکی هاووڵاتیانی کورددا ورووژاندووە.

* گەلۆ هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوانە هەروەک لەلایەن ناوەندە پێوەندیدار و هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە \"سروشتی\" رادەگەیندرێت، \"سروشتی\"ـیە؟!

* ئەگەر هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوە زنجیرەییانە ناسروشتیە و بە ئەنقەست ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکان تێبەر ئەدرێت، \"کێ\" یان چ ناوەند و گرووپ و دەستەیەک لە پشتەوەی ئەم لەناوبردنە بە ئەنقەستەی ژینگەی کوردستان دایە؟!

یەکەم خاڵ کە خاڵێکی جێگای سەرنجە و پێویستە لێرەدا روون بکرێتەوە، سروشتی بوون، یا سروشتی‌نەبوونی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستانە.

ــ ئاگرکەوتنەوەی سروشتی لە دارستان و لیڕەوارەکانی کوردستان:

ئاگرکەوتنەوەی سروشتی لە دارستانەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو لە کەمتەرخەمیی هاووڵاتیانی کوردەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئەم جۆرە ئاگرکەوتنەوانە کە بەپێی بەڵگەکان بەشێکی کەم لە ئاگرکەوتنەکان پێک دێنێت، لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی و هەواڵدەرییەکانی ئەو حکوومەتەوە، هۆکاری سەرەکی لەناوچوونی ژینگەی کوردستان رادەگەینرێت و زەق دەکرێتەوە و حکوومەت بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات کە رێژەی ئاگرکەوتنەوە سروشتیەکان زۆرتر نیشان بدات.

ئەمە لە کاتێک دایە کە زۆربەی هاووڵاتیانی کورد لەو باوەڕە دان کە ئاگرکەوتنەوە زنجیرەییەکان لە کوردستان بە تەواوەتی سروشتی نین و دەشێ دەستی لایەنێکیان لە پشتەوە بێت.

ــ ئاگرکەوتنەوە ناسروشتییەکان لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان (ئاگرتێبەردان):

ئاگرکەوتنەوەی ناسروشتی هۆکاری مرۆیی لە پشتەوەیە و باشتر وایە وەکوو \"ئاگرتێبەردان\" ناوی لێ ببەین. ئەم جۆرە ئاگرکەوتنەوەیە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە کوردستان پەرەی سەندووە و بەم هۆیەوە رووبەرێکی فراوان لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان لەئاگردا سووتاون و بوونەتە خۆڵەمێش.

ئاگرکەوتنەوە لە دارستانێک لە چەند شوێنی جۆراوجۆرەوە بە مەبەستی ئەستەم‌بوونی کۆنترۆڵ‌کردن و کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکە لەلایەکەوە و هاوکاری نەکردنی ناوەندە پێوەندیدارە حکوومەتیەکان لە لایەکی دیکەوە و بگرە بەربەست دروست‌کردن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکان لەلایەن ئەو ناوەندانەوە، بەڵگەیەکی روونە کە دەری دەخات حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پشتی ئەم ئاگرتێبەردانانەیە.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانە کە لەلایەن چالاکانی مەدەنیی کورد و بە تایبەتی چالاکانی ژینگەپاریزییەوە بە شێوەی مەیدانی ئەنجام دراون و هەروەها بەپێی ئەو راپۆرت و هەواڵانەی کە لەلایەن هەواڵدەرییە کوردییەکانەوە بە پشت‌بەستن بە قسەی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بڵاو دەکرێنەوە، ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بە مەبەستگەلی تایبەتی خۆیان لە رێگای دەست و پێوەندییەکانیانەوە ئاگر لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان بەر دەدەن.

کوردستانی رۆژهەڵات پاش هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامی بەهۆی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانەوە بەردەوام روانگەی ئەمنیەتی لەسەر بووە و ئەو حکوومەتە کوردستانی رۆژهەڵاتی بە هەموو شێوەیەک میلیتاریزە کردووە و ئەم بەپادگانیکردنەی کوردستانە تا دێت چڕتر دەبێتەوە.

جموجوڵی حیزب و رێکخراوە سیاسییە ئازادیخوازەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بووەتە هۆی ئەوەی کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە \"بیانوو\"ی دابین‌کردنی ئەوەی کە لەلایەن خۆیەوە \"ئەمنیەت\" رادەگەیەندرێت، گڕ لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان و بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان بەر بدات و تا بەو شێوەیە پێش بە خۆحەشاردانی هێزە ئازادیخوازەکان بگرێت.

گڕتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر پەرەی سەندووە و ئەمەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی کورد و بەتایبەتی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی لێ کەوتووەتەوە.

چالاکانی ژینگەپارێزی لەسەر ئەو باوەڕەن کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان سیاسەتی \"جینۆسایدی سەوز\"ی لە پێش گرتووە و بە لەبەرچاوگرتنی دژەکورد و کوردستان بوونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەو حکوومەتە بە هەموو شێوازێک لە هەوڵی لەناوبردنی کوردستان دایە و لە راستای ئەم دژایەتییە سیستماتیکەدا، لەناوبردنی ژینگەی کوردستانی گرتووەتەبەر و بەو شێوەیە دەیهەوێ کە ژینگەی کوردستان تێک بدات.

ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی کورد و چالاکانی مەدەنیی کورد بە نیسبەت ئاگرکەوتنەوە زنجیرەییەکان لە چیاکانی کوردستان تاکوو ئێستا هیچ پەرچەکردراێکی ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی لێ نەکەوتووەتەوە و دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان هەروا لە سێبەری کەمتەرخەمی و وەڵامدەرنەبوونی ناوەندە حکوومەتییەکان لە ئاگردا دەسووتێن و رۆژانە رووبەرێکی فراوان لە ژینگەی کوردستان تێک دەچێت.
سروشت و روانگەی ئەمنی

كوێستانی بوونی کوردستان و بوونی بزووتنەوە سیاسییەكانی كورد و گەشەکردنیان لە شاخ وەك پاڵپشتی سەرەكی بووەتە یەکێک لەو هۆیانەی حكوومەتەكانی زاڵ بەسەر كورددا تەنانەت ببنە دوژمن و نەیاری شاخ و سروشت و ژینگەش و داخی دڵی خۆیانی پێ‌ بڕیژن. چالاكوانانی سیاسیی كورد پێیان وایە زاڵبوونی تێڕوانینی ئەمنیەتیی حكوومەتی ئێران بۆ كورد و شۆڕشەكەی، داوێنی سروشتیشی گرتووەتەوە و زۆرجار بۆ شێواندنی پەنا و پەسێوگەی پێشمەرگە بە ئەنقەست ئاگر لە كوێستانەكان بەر دەدەن و ئەگەر چالاكانی خۆڕسكی ژینگەپارێزیش هەوڵی كۆنترۆڵ و كوژاندنەوەی بدەن، لەلایەن هێزە ئەمنی و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانەوە دەگیرێن و بە تۆمەتی هاوكاری و چالاكیی سیاسیی نەیارەكانی حكوومەت سزا دەدرێن.

چالاكوانانی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان و ژینگەپارێزان هێزە سەربازییەكانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران بە سووتاندنی دارستان و لێڕەوارەكان تۆمەتبار دەكەن و لەم بارەوەشەوە بە دەیان بەڵگە و دیكیۆمێنت و وێنەی راستەقینە لەبەردەست دان.

نموونە حاڵەتی لەم چەشنە لە ساڵانی رابردوودا زۆر بووە و چەندین چالاكوانی ژینگەپارێزی كورد بە تۆمەتی ژینگەپارێزی! سزای زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. لە حاڵێكدا بەپێی یاساكانی حكوومەتی ئێران، پاراستنی سروشت و ژینگە لە ئەستۆی حكوومەتە و دەبی ناوەندەكانی ژینگەپارێزی و لێڕەوار و دارستان كە چەندین لق و یەكەیان هەیە و بوودجەی تایبەت وەردەگرن، یارمەتیدار و رێنوێنی چالاكانی ژینگەپارێز بن، كەچی نەتەنیا رێخۆشكەر و یارمەتیدار نین، بەڵكوو لەمپەر و هۆكاری سەرەكیی فەوتان و سووتانی سروشتی رۆژهەڵاتن؟
ئێستە ئەم پەتایە بووەتە دۆخی زاڵ و سروشتی كوردستانیش بەدەم ئەم ئازارەوە لە گیانەڵا دایە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە