ئاگر بەردرایە قامیشەکانی گۆلی زریبار و دارستانەکانی گوندی ژیوار

15:10 - 25 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ئاگردانی قامیشەکانی گۆلی زرێبار لە شاری مەریواندا، ٧ هێکتار لە زەلەکانی ئەم گۆلە، سووتان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕاوچییەک بۆ گرتنی پەلەوەر لە گۆلی زرێباردا، ئاگریان لە قامیشەکانی ئەو گۆلە بەرداوە.
بەرپرسی ژینگەپارێزیی شاری مەریوان لەم پەیوەندییەدا، ڕایگەیاند: \"٧ هێکتار لە قامیشەکانی گۆلی زرێبار لە لایەن ڕاوچییەکانەوە ئاگری تێبەردرا و ڕاوەچییەکانیش هەڵهاتوون.\"

هەر لەم پەیوەندییەدا، شەوی هەینی، ٢٤ی جۆزەردان، دارستان و لەوەڕگەکانی گوندی \"ژیوار\" سەر بە ناوچەی هەورامانی تەخت، ئاگریان تێبەردرا.

هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی ژیوار بۆ کونترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو گوندە، داوایان لە دانیشتووانی گوندەکانی \"بڵبەر\" و \"سلێن\" کردووە کە بە هانایانەوە بچن.

ئەو ئاگرتنەوەیە هەتا درنگانێکی شەو درێژەی هەبووە و هاووڵاتییانی گوندی ژیوار، بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە، داوای یارمەتیی دەسبەجێیان لە خەڵک و لایەنە پەیوەندییەدارەکانی حکوومەت کردبوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"سەرەڕای داواکاریی هاووڵاتییان لە لایەنە پەیوندییەدارەکانی حکوومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرتنەوەیە، پێیان ڕاگەیاندوون کە هەنووکە درەنگە و ناتوانین یارمەتیتان بدەین.\"

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە دانیشتووانی گوندەکانی \"ژیوار، بڵبەڕ و سلێن\"، هەتا کاتژمێری ٢ی شەو، خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرکەتنەوەیە بوون.