ئامێد سلێمان، داعش بە نوێنەری راستەقینەی ئیسلام دەزانێ و موختار هۆشمەندیش دەڵێت: داعش کەڵک لە بەشی توندوتیژییەکانی قورئان وەردەگرێت

15:46 - 29 بەفرانبار 2714

 

ئاژانسی کوردپا: لاپەڕە کوردییەکانی سەربە رێکخراوی داعش لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، کە چالاکییەکانی ئەو رێکخراوەیە بڵاو دەکەنەوە، ئاماژەیان بەو ەکردووە، لە ماوەی ئەمساڵدا ژمارەیەک لە لاوانی کورد لە شارەکانی مەهاباد، سەقز، جوانڕۆ، مەریوانەوە چوونەتە نێو داعش و بەشێکیان خۆیان بۆ کردەوەی خۆکوژی (ئیستشهادی) ناونووسی کردووە.
رێکخراوی داعش، کە ساڵی ٨٣ لەسەر دەستی ئەبومسعەب زەرقای ئوردۆنی دامەزراو سەرئەنجام بەهاری ١٣٩٢ بە فەرمی بوونی خۆی راگەیاند و بە مەبەستی داەمزراندنی خیلافەتێکی ئیسلامی و دابەزاندنی شەریعەتی ئیسلامی، جیهاد و قیتالی لە عێراق و سووریا راگەیاندووە.

لە سەرەتای دامەزرانی ئەو رێکخراویەوە، سەلەفییەتی جیهادی لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە چوونەتە نێو ریزەکانی داعش و چەکیان بۆ ئەو رێکخراوەیە هەڵگرتووە.

لە سەرەتای دامەزرانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، دەیان لاوی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە روویان لە نێو داعش کردووەو ژمارەیەک لەو کەسانە لە ئەنجامی هێرشی ئەو رێکخراوەیە بۆسەر ناوچەکانی کوردستندا کوژراون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ زیاتر شرۆڤە کردنی ئایدیۆلۆژی و بیری داعش و هۆکارەکانی پەیوەست بوونی لاوانی کورد بۆ ریزەکانی داعش لەگەڵ موختار هۆشمەند و ئامێد سلێمان دوو کەس لە شارەزایانی ئیسلامی سیاسی و گرووپە سەلەفییەکانی کوردستان، وتوێژی پێکهیناوە.

ئامێد سلێمان، کە ماوەی چەندین ساڵە لێکۆلینەوە لەسە ربیری سەلەفییەت دەکات، سەبارەت بە هۆکارەکانی چوونی لاوانی کورد بۆ نیو رێزەکانی داعش دەڵێت: چوونی لاوانی کورد بۆ نێو ریزەکانی ئە ورێکخراوەیە پەویەندی بەو گوتارەوەیە کە رۆژانە داعش بانگەشەی بۆ دەکات و بانگخواز و بەشیک لە مەلاکانیش پشتیونایی لێ دەکەن.

ئەو شارەزایەی ئیسلامی سیاسی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئاخۆ رێکخراوی داعش نوێنەرایەتیی ئیسلامی راستەقینەیە یان نا، گوتی: هەتا ئێستا مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە ئاخۆ داعش ئیسلامی راستەقینەیە یان خوارج و لادەرن، بەڵام بە بۆچوونی من لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلام و ژیانی ٢٣ ساڵەی پێغەمبەرایەتیی محەمەدیشدا هەموو ئەو کارانەی کە ئێستا داعش دەیانکات، روویان داوەو هاوەڵانی پێغەمبەر و شەخسی پێغەمبەریش ئەو جۆرە کارانەیان کردووە، کە داعش کردوویەتی و دەیانکات.

ناوبراو روونیشی کردەوە؛ ئەگەر قورئان وەکوو دەقێکی مێژوویی کە تەعبیر لەو زەمەنەی سەرهەڵدانی ئیسلام دەکات، بۆ ئەو کارو کردەوانەی داعش بکەینە پێوەر، ئەوا هەموو ئەو کارانەیان کردووە کە داعش لە رێگەی دەقەکانی قورئانەوە بەکاری هێناوە.

موختار هۆشمەندیش سەبارەت بەو پرسیارەی کە داعش هەتا چەندە نوێنەرایەتیی ئیسلامی راستەقینە دەکات، گوتی؛ ئەو رێکخراوە ئیسلامییانە کە هەتا ئێستا دامەزراون و یەکدەست نین و بە چەندین شێوەی جیاواز هەوڵی دابەزاندنی شەریعەت ئەدەن، راستەوخۆ بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کە دەق و ئایەتەکانی قورئان، وەکوو کتێبی پیرۆزی موسڵمانان، دەقێکی تەفسیر هەڵگرە.

هۆشمەند باس لەوە دەکات کە بەشیک لە قورئان باس لە ئاشتی دەکات و بەشێکی دیکەشی باسلە جیهاد، قیتال و کوشتار دەکات، کە بیری سەلەفییەتی جیهادی یەکێک لەو خوێندنەوە و تەفسیرانەیە کە لە ئایەتەکانی قورئاندا کراوەو کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی (ئیمام ئەحمەدی حەنبەل \"١٨٠ی کۆچی\"، ئیبنی قەییم، محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب) دەگەرێتەوە، کە سەرجەمیان لەو ئایەتانەی کە باس لە جیهاد و قیتال دەکات، کەڵک وەردەگرن.

بە گوتەی موختار هۆشمەند؛ داعش وەکوو رێکخراوێکی ئیسلامی کەڵک لە بەشی قیتال و جیهادی قورئان وەردەگرێ و هەرکام لە ئەندامانی ئەو رێکخراوەیە، کە بە موجاهید ناسراون، دەتوانن بە مەیلی خۆیان تەفسیر و تەکفیر بکات و حوکمی کوشتن بدات و خەڵک لەژێر ناوی کافر و مورتەدا بکوژێت.

ئامێد سلێمان، بۆ روونکردنەوەی زیاتر، کوشتنی خەڵکی بێ تاوان و دیلی وەکوو نموونە هێنایەوە، کە لەلایەن داعشەوە بە بیانووی ئەویکە هاوکاریی حکوومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان و هاریکاریی ئەمریکایان کردووە، بەپێی دەقی ئایەتی قورئان لەلایەن داعشەوە کوژراون و گوتیشی، کەوابوو کەس ناتوانێ بڵێ، داعش نوینەری ئیسلامی راستەقینە نییە، چونکە رێکخراوی داعش یان ئەلقاعیدە و بەگشتی گرووپە سەلەفییە جیهادی و ئیسلامییە توندڕەوەکان، بەپێی دەقی ئایەتی قورئان مامەڵە لەگەڵ حکوومەتەکان و خەڵکی دەوروبەری خۆیاندا دەکەن و بناغەی سیاسەتی خۆیان لەسەر ئەم دەقە قورئانییانە دادەڕێژن.

ئەو لێکۆڵەرە کوردەی دانیشتووی شاری سلێمانی ئەوەشی خستەروو؛ کۆمەڵێک دەق و ئایەتی قورئان رەهەندی سیاسییان هەیە، کە نەگۆڕن و هەتا ئیستا بەبێ گۆڕانکاری ماونەتەوە، داعشیش لەم سیاسەتە نەگۆڕەی ئیسلام پەیڕەوی دەکات و بە بڕوای من داعش راستەوخۆ نوێنەرایەتی ئیسلامی ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەکات.

\"24259.jpg\"

 

ئامێد سلێمان؛ پێغەمبەری ئیسلامیش ئەو کارانەی داعشی کردووە

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە مەلای مزگەوتەکان هەتا چەندە رۆڵیان لە هاندانی لاوانی کورد بۆ نیو داعش هەبووە، دەڵێت: راگەیاندنی ئیسلامی سیاسی و هەروەها ئەوانەشی کە وەکوو گرووپێکی ناسیاسی خۆی دەرئەخەن و کەسانی ئایینی لە مزگەوتەکان رۆڵی سەرەکییان هەیە لە هاندانی لاوان بۆ نێو ریزەکانی داعش، چونکە کەسانی بانگخوازی سەلەفییەت کە خۆشیان بە میانەڕەو دەزانن، لەگەڵ داعش یەک پرۆژەیان هەیە و ئەویش دابەزاندنی ئەحکام و شەریعەتی ئیسلامی‌یە.

ئەو رەخنەگرەی ئیسلامی سیاسی، کە چەندین لێکۆڵینەوەی لە گۆڤارەکاندا چاپ و بڵاو بوونەتەوە، لە درێژەدا گوتیشی؛ ئیسلامییە میانەڕەوەکان و داعش بۆ جیبەجی کردنی شەریعەتی ئیسلام یەک گوتار و ئامانجیان هەیە و تەنیا جیاوازییان لەوەدایە، کە بەشێکیان لەو باوەڕەدان کە دەبێ لە بیری بەدەست هێنانی دەسەڵات و هێزدا بن و پاشان هێرش بکەنە سەر وڵاتان و شەریعەتی ئیسلام دابەزێنن و بەشێکی دیکەشیان لەوە باوەڕەدان کە بە کەمینەیەکیشەوە دەکرێ هێرش بکەنە سەر وڵاتان و ئەو شەریعەتە داببەزیت.

ئامێد سلێمان، راگەیاندنی ئیسلامی سیاسی و مزگەوتەکان بە هەنگاوی یەکەم بۆ ئامادەکردنی تاک بۆ مرۆڤێکی ناعەقڵانی لە قەڵەم ئەدات و دەشڵێت لە شوێنێک کە فەلسە و عەقڵ بوونی هەبێت، لەو کۆمەڵگەیەدا کەسێکی توندرەوی ئایینی وجوودی نابێت، چونکە ئەم دوو شتە پێچەوانەی یەکترن.

بە گوتەی موختار هۆشمەند، لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی ئێران، چەندین مەلای سەربە رەوتە توندائاژۆ مەزهەبییەکان لە مزگەوتەکاندا گوتاربێژی دەکەن و کەسانی وەک مەلا حوسێنی مزگەوتی ساڵحاوای سەقز، مەلا محەمەدی عەلەوی (یەکشەوەی بۆکان)، مەلا عەبدولحەمیدی هادی لە مەریوان، مەلا هادی هەرمێ دۆڵ لە سەقز، بە ئاشكرا بانگەشە بۆ بیری جیهادی شەڕ لەگەڵ کافرەکاندا دەکەن، کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا مەلا هادی هەرمێ دۆڵ بەیعەتی لەگەڵ داعش بەستبوو.

موختار هۆشمەند، لێکۆڵەر لە بیاڤی ئیسلامی سیاسیدا، دەڵێت: یەکەمجار لە مینبەری مزگەوتەکانەوە تەبلیغ بۆ بیری سەلەفییەت و جیهاد کراوەو یەکەم کەسەکانیش خەتیب و پێشنوێژی مزگەوتەکان بوون کە بانگەشەیان بۆ جیهاد کردووە.

ئەو چالاکە سیاسییە دەشڵێت؛ لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی بە هاتنی پاشماوەکانی ئەنسارولئیسلام بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بەردی بناغەی سەلەفییەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان داندراوەو دواتریش کەتیبەکانی ئەلقاعیدە لە کوردستان و چەندین تاقمی دیکەی ئینشعابی لە ئەنسارولئسلام دامەزران، کە سەرجەمی ئەو کەسانەی بۆ جیهاد روویان لە وڵاتانی ئەفغانستان، چیچان، سووریا و عێراق کردووە، ئەندامی ئەو رێکخراوانە بوون.

موختار هۆشمەند کە بە وردی لێکۆڵینەوە و چاودێریی چالاکیی سەلەفییەکانی کوردستان دەکات، دەڵێت: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستم کەوتوون، پاش جیابوونەوەی داعش لە رێکخراوی ئەلقاعیدە، گرووپێک لە سەلەفییەکانی کوردستان، کە ژمارەیان زیاتر لە ١٠٠ کەس دەبێت، روویان لە نێو داعش کردووە.

\"24260.jpg\"

موختار هۆشمەند: یەکەمجار لە مینبەری مزگەوتەکانەوە تەبلیغ بۆ بیری سەلەفییەت و جیهاد کراوە

هۆشمەند لە درێژەدا گوتیشی؛ بەشێک لە سەلەفییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە ئێستادا سامانی مەلا عەبدولعەزیز لە رێکخراوی (احفاد سەلاحەدین)دا ئەمیرایەتییان دەکات و چالاکییەکانیان لە ناوچەەکانی جوانڕۆ و کرماشانە، تێبینیان لەسەر کارەکانی داعش هەیە و بە ئاشكرا دژایەتیی زۆرێک لە سیاسەت و کردەوەکانی داعش دەکەن و بە لایەنێکی توندڕەو و رادیکاڵ لە قەڵەمی ئەدەن.

بە گوتەی ئەو چالاکە سیاسییە کوردەی نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان، رێکخراوی ئەنسارولئیسلامی دایک کە پێشتر بە بەیعەت دان بە رێکخراوی داعش تاوانبار دەکرا، لە ماوەی رابردوودا بێدەنگیی شکاند و رەخنەی توندیان لە سیاسەتی داعش گرتووە.

ئامێد سلێمان دەڵێت؛ ئەو مەلایانەی کە باس لە جیهاد ئەکەن، هەموو ئەو جیهادانە بەپێی دەق و ئایەتەکانی سوورەتی محەمەدە، کە لەلای ئیسلامییەکان بە پیرۆزترین سوورەتی قورئان ناسراوەو سەرجەم باسی کوشتار و قیتال و جیهاد ئەکات و ئەو بانگەشەیەی کە داعش بۆ جیهاد ئەیکات، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو جیهادەدا نییە کە مەلا و بانگخوازەکان لە مزگەوتەکانەوە بانگەشەی بۆ دەکەن.

بە گوتەی چالاکانی سیاسی، هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان زیاتر روو لە شار و ناوچە هەژارنشینەکان دکەن و بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاو بوونەوەتە، ئەو کوردانەی کە چوونتە نێو داعش، لە شارە هەژارنشین و پەراوێزخراوەکانی کوردستانەوە بوون، کە کەمترن گەشە سەندوویی ئابووری و کۆمەڵایەتیی تێدا بووە.

ئامێد سلێمان لەو بارەیەوە دەڵێت: بەهۆی نەبوونی سیستمێکی دادپەراوەرانە، کە هیچ درگایەکی بەرووی خەڵکەکەیدا بکاتەوە و هیوا ئاواتەکانی بێنێتە دی، لە ئەنجامدا لە رێگەی بانگخوازەکانەوە هان ئەدرێت کە لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامیدا ژیانێکی خۆشی بۆ دەستەبەر ئەکرێت، کە لە وەها حاڵەتێکدایە کە بیری سەلەفییەتی جیهادی بۆ گەیشتن بە خۆشبژیوی گەشە ئەکات، بەڵام لە هیچ وڵاتێکی ئیسلامیدا خۆشبژیوی بۆ خەڵک دەستەبەر نەکراوە.

هۆشمەند، پێشتر حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بە هۆکاری سەرهەڵدانی بیری سەلەفییەتی جیهادی لە کوردستانی ئێران لە قەڵەم دابوو، کە بە گوتەی نابراو بۆ لاوازکردنی بیری نەتەوەیی و راکێشنای لاوانی کورد بەرەو ئەو رەوتە جیهادییە، نە تەنیا هیچ بەربەستێکیان بۆ دروست ناکات، بەڵکوو راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هاوکارییشیان دەکات.

بەپێی ئاماری دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەتا ئیستا نزیک بە ٦٠٠ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستانەوە لەژێر ناوی جیهاد و هیجرەتدا روویان لە ژێر دەسەڵاتی داعش کردووە.

ئامێدی سلێمان حیزبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ جیاوازییەکان لەگەڵ داعشدا نییە و بە بۆمبێکی قورمیشکراو لە قەڵەمیان ئەدات، دەشڵێت: بەردەوام مەترسیی ئەوەیان لێ دەکرێت کە بەڕووی گەلی کوردا بتەقنەوە.

ئەو رەخنەگرە کوردە کە چەندین کۆڕ و سمیناری لەسەر ئیسلامی سیاسی و چالاکیی سەلەفییە جیهادییەکان بەڕێوە بردووە، سیستمی پەروەردەیی لائیک و هەروەها حکوومەتێکی سیکۆلاری راستەقینە، کە تیایدا بەها مرۆییەکان بۆ ئینسانەکان دەستبەسەر بکات و خزمەتی خەڵکی نیشتمانەکەی بکات، بە باشترین فاکتەر بۆ رێگری کردن لە سەرهەڵدان و گەشە کردنی بیری سەلەفییەتی جیهادی لە قەڵەم ئەدات.

ئا: ئارام. ح