ئامریکا لە بەرجام هاتە دەر

14:09 - 19 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرکۆماری ئامریکا لە وتاری خۆیدا، بڕیاری یەکلایی کەرەوەی دا و مۆری مەرگی لە بەرجام دا و لەو ڕێککەوتنە هاتە دەر.

دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا، لە وتاری خۆیدا کە ماوەیەک پێش ڕوو لە میدیا و هەواڵنێران‌دا بڵاوی کردەوە بە فەرمی بڕیاری هاتنە دەری لە ڕێککەوتنی بەرجام دا و ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی ئێران بۆ هەمیشە چووە ناو مێژوو.

ترامپ لە وتاری خۆیدا باسی لەوە کرد، کە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی بەرجام بەڵام پەرەی بە چالاکییە مووشەکییەکانی داوە، گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهان دابووە کە حکوومەتی ئێران هیچ گۆڕانێکی لە خۆیدا بەدی نەهێناوە.

ترامپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئێمە ناتوانین لە ڕێککەوتنێکدا بمێنینەوە کە لە داهاتوودا مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان.ناوبراو هەروەها هۆشداری بە حکوومەتی ئێران دا کە ئەگەر پەرە بە چالاکییە تێکدەرانەکانی خۆی بدات ئەو حکوومەتە تووشی سزای قورستر دەبێتەوە.

ترامپ باسی لەوەش کرد کە بەڵگە و فایلەکانی که چەند ڕۆژ پێش ئیسرائیل ئاشکرای کرد دەرخەری ئەوەیە کە ئەو حکوومەتە لە دوای چەکی ناوکییە.

سەرکۆماری ئامریکا لە یەکەم ڕۆژە بڕیار دابوو کە ڕێککەوتننامەی بەرجام کارەساتە و ئەو ڕێککەوتننامەیە دەدڕێنێت.

ئێستا دوای چەند مانگ لە تێپەڕبوونی ماوەی سەرکۆماری ترامپ، ناوبراو بە یەکجاری مۆری مەرگی لە بەرجام دا و لەو ڕێککەوتنە هاتە دەڕێ.