ئاماری مردنی ژنانی دوو گیان لە ئێران

16:49 - 12 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەپێی ئەو ئامارانەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بڵاویان کردۆتەوە، هەتا ئیستاش ساڵانە دەیان ژنی دووگیان لە وڵاتی ئێران بەهۆی کەمیی دەواورەدمان و کەمتەرخەمیی پزیشکییەوە دەبنە قوربانی.

بەرپرسی ئیدارەی تەندروستیی دایکان لە وەزارەتی بێهداشت بە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی رایگەیاندووە، هەنووکە لە هەر ١٠٠ هەزار حاڵەتی لە دایکبوونی منداڵ لە وڵاتی ئێران، ٢٤ دایک گیانی خۆیان لەدەست ئەدەن.

فەرەحناز موتڵەق ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆرترین ئاماری مردنی ژنانی دوو گیان بەهۆی خوێنڕێژییەوە بووە و هەروەها فشار خوێن، شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلە زۆرترینی ئەو نەخۆشیانەن کە ژنانی دووگیان تووشی دەبن.

ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە، لە حاڵێکدا ئاماری مردنی ژنانی دووگیان لە ماوەی ٣٠ سالی رابردوودا ١٠ بەرابەر رووی لە کەمی کردووە، بەڵام هەتا ئێستاش لە هەر ١٠٠ هەزار ژنی دووگیان ٢٤ کەسیان دەبنە قوربانی.

لەلایەکی دیکەوەو لەماوەی ٢ مانگی رابردوودا، چەندین ژنی دووگیان بەناوەکانی \"شیرین خەلقی\" تەمن ٤٠ ساڵ و خەڵکی روانسەر، فەرانەک چووپانی خەڵکی سنە و چەندین منداڵ پاش لە دایکبوون لە نەخۆشخانەکان گیانیان لەدەست داوە کە بەوتەی کەسوکاری نزیکی خۆیان سەرجەمیان بەهۆی کەمیی دەواودەرمان و پێڕانەگەیشتنی پزشیکییەوە بووە.