ئاماری راچڵەكێنەر لەمەڕ پێشێل كاریی مافی مرۆڤ لە كوردستان

20:47 - 15 سەرماوەز 2711
كوردپا: لە بەرەبەری هاتنی 10‎ی دیسامبر رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، كوردستانی ئێران لە ماوەی چوار مانگی رابردووە هەتا ئێستا، شایەتی 185 حاڵەتی دەستبەسەر كردن، پەسند كردنی 215 ساڵ زیندان بۆ چالاكانی سیاسی و فەرهەنگی و كوژران و بریندار بوونی 48 كوڵبەری كورد بووە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە ماوەی چوار مانگی رابردووە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران، 185 كەس لە چالاكانی سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی و هەروەها چالاكانی ژینگە پارێز و سێنفی و كرێكاری لەلایەن ناوەندەكانی ئەمنیەتی و قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

لەو ماوەیەدا (4مانگی رابردوو) ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی كورد لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی ئێرانەوە بە 215 ساڵ زیندانی تەعزیری و 17 ساڵ زیندانی تەعلیقی حوكم دراون.

بەشێكی بەرچاو لەو هاووڵاتییان بە تاوانی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی حوكم دراون.

هەر لەو ماوەیەدا 34 كەس لە كۆڵبەرانی سەر سنوور بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانیان لێ‌ئەستێنراوە و 14‎ كەسی دیكەش بریندار بوون.

كۆڵبەرەكانی كوردستان بە ناچاری بە مەبەستی دابین كردنی بژێوی رۆژانەی ژیانیان روویان لە كاسبی و كاری پڕ مەترسیی كوڵبەری كردووە.

ئەم ئامارە پێشێلكاریانە بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بڵاو كراونەتە و لەوانەشە ئاماری راستەقینە لەم رێژەیەش زیاتر بێت.