ئاماری تەڵاق لە نێوان منداڵانی ئێرانیدا روو لە زیادبوونە

17:22 - 25 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوییەوە هەتا کۆتایی سالی ١٣٩٠ی هەتاوی، ٨٥ هەزار و ٢٠٠ حاڵەتی تەڵاق لە نێوان کەسانی ژێر ١٩ ساڵ تەمەن لە وڵاتی ئێران تۆمار کراوە، کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٤٠٠٠ حاڵەت کچانی ژێر ١٤ ساڵ بوون.

ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتیی وڵاتی ئێران لە ئامارێکی نوێدا بڵاوی کردەوە، لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوییەوە هەتا کۆتایی سالی ٩٠ی هەتاوی، ٦١٦ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری لە وڵاتی ئێران تۆمار کراوە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٨١ هەزار و ٥٠٠ حاڵەت پەیوەندی بە کچانی ژێر ١٩ ساڵ و ٧٧٠٠ حاڵەت کوڕانی ژێر ١٩ ساڵ بووە.

بەپێی ئەو ئامارە، ١٣%ی تەڵاقەکان لە وڵاتی ئێران پەیوەندی بە کچانی ژێر ١٩ ساڵ و هەروەها ١.٥%یش پەیوەندی بە کوڕانی ژێر ١٩ ساڵەوە بووە.

\"12000.jpg\"
هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری \"فەرشید یەزدانی\" چالاکی مافی منداڵانەوە بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ئەو ٥ ساڵەدا و بەپێی ئەو ئامارە، ٦٣ منداڵی کوڕی ژێر ١٥ ساڵ و ٤٠٠٠ کچی ژێر ١٤ ساڵ، لە هاوسەرەکانیان جیا بوونەتەوە.

ئەو چالاکەی مافی منداڵان ئاماژەی بەوەشداوە، لە نێوان ساڵەکانی ٨٥ هەتا ٩٠، یەک میلیۆن و ٨٥٩ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری لە نیوان کەسانی ژێر ١٩ ساڵ تۆمار کراوە، کەلە کۆی ئەو رێژەیە ١ میلیۆن و ٥٨٩ هەزار کچانی منداڵ و ٢٧٠ هەزار کەسیشیان کوڕانی منداڵ بوون.

فەرشید یەزدانی وێڕای ئاماژە کردن بەوەی ٢٠١ هەزار و ٢٠٠ لە حاڵەتەکانی هاوسەرگیری پەیوەندی بە منداڵانی ژێر ١٥ ساڵەوە بووە، رایگەیاند: ١٩٦ هەزار حاڵەت لەو هاوسەرگیرییانە کچانی ژێر ١٤ ساڵ و ٥ هەزار و ٢٠٠ حالەت کوڕانی ژێر ١٥ ساڵ بوون.

بەپێی کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافی منداڵان، هەموو کەسانی ژێر ١٨ ساڵ تەمەن بە منداڵ بە ئەژمار دەکرێن، بەڵام بەپێی یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، قۆناغی منداڵیی کچان لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا و هەروەها کوڕانیش ١٥ ساڵیدا کۆتایی پێ دێت.