ئازادیی کاتیی خوێندکارێکی کورد بە دانانی بارمتە

19:54 - 2 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١ی جۆزەردان، \"کەژوان ئازادیان\"، خوێندکاری زانکۆی پەیامنووری مەریوان و چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی گوندی \"یەنگیجە\"ی مەریوان، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ئەم خوێندکارە کوردە دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە، بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

کەژوان ئازادیان، تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"ی وەپاڵنراوە و بەم هۆیەشەوە لە دادگادا دادگایی دەکرێت.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاندبوو: \"هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ مۆڵەتی یاسایی، ئەم خوێندکارە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.\"

هەروەها ئەم سەرچاوەیە زیادی کردبوو: \"لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، ئەمە بۆ دووەمین جارە کە ئەم خوێندکارە کوردە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و جاری پێشوو ماوەی سێ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا بووە.\"

هێزە ئیتلاعاتییەکان، بە تۆمەتی جۆراوجۆر، لە بەردەم چالاکانی خوێندکاری و ژینگەپارێزی کۆسپ دروست دەکەن و بە پەروەندەسازی دەیانەوێت ئەم کەسانە لە چالاکییە مەدەنییەکانیان دوور بخەنەوە.