ئارمان غەفووری تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا، بە دانانی بارمته ئازاد کرا

13:28 - 20 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد، خەڵکی شاری مەریوان به دانانی بارمتە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاکەی، به شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی سەرماوەز، \"ئارمان غەفووری\"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان که ڕۆژی ٢ی گەلاوێژ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، به دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

ئەم ئەندامەی \"ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان\"ە، پاش دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای سنە و سێ مانگ لە ژێر لێپرسینەوەی ئەم ناوەندە ئیتلاعاتییەدا بووە.

\"ئارمان غەفووری\"، ٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ گوازرایەوە بۆ زیندانی مەریوان و لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، تەنیا یەک جار لە گەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتنی هەبووە و لە دەستپێراگەیشتن به پارێزەریش لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا بێبەری بووە.

تاکوو ئێستا هیچ هەواڵێک لەمەڕ تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە بڵاو نەکراوەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕەشەممەی ٩٦، ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە هاوکات لە گەڵ \"عەدنان حەسەن پوور\"، \"مـحەممەد دانش\" ، \"فەرامەرز محەممەدی\" و \"ناسح باخشی\"، به تۆمەتی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە عەفرین لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر به دانانی بارمته ئازاد کرابوو.