عوسمان ئیسماعیلی لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزرا

19:31 - 17 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، لە بەندیخانەی سنەوە گەڕێندرایەوە بەندیخانەی سەقز.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی چارەسەری پزیشکی لە بەندیخانەی سەقزەوە ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا و سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی لە دەسپێڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی بێبەری کراوە.

بەرپرسانی بەندیخانەی سنە سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە ئەنجامدانی پشکنینی ئێم ئار ئای لە ڕادەستکردنی ئاکامی ئەم پشکنینە بۆ پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار خۆیان بواردووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی بەفرانباری ١٤٠٢، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، بە هۆی نەخۆشیی فتق، لە بەندیخانەی ئەم شارەوە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا و پزیشکی دادوەریی سەقز جەختی کردەوە کە عوسمان ئیسماعیلی بە زووترین کات دەبێ نەشتەرگەریی بۆ بکرێ بەڵام  بەرپرسانی بەندیخانە تاکوو ئێستا هیچ کارێکیان بۆ بەدواداچوونی دۆخی ناوبراو نەکردووە.

ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢، لقی ٢ی جێبەجێکاری سزاکانی سەقز بە بنەماڵەی عوسمان ئیسماعیلییان ڕاگەیاند کە ناوبراو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کراوە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین لە وەرگرتنی خۆیان بواردووە و دیسان ناردوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی سەقز.

ئەم چالاکە کرێکارییە جیا لەوەی کە تووشی فتق بووە، نەخۆشی دڵ، هەناسەدان و ڕۆماتیسمیشی هەیە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە پاش پەسەندکرانی حوکمی بەندکرانەکەی لە دیوانی باڵای وڵاتدا، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ حوکمێکی سەبارەت بە جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی پێ گەیشتبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەرمانانی ١٤٠٢، عوسمان ئیسماعیلی لەگەڵ پارێزەرەکەی بە ناوی فەرزاد نەسروڵڵاهی، سەبارەت بە حوکمی سەرەتایی دادگا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داواکاریی خۆیان بۆ پێداچوونەوە بەم حوکمە، بە دیوانی باڵای وڵات گەیاند.

ئەم چالاکە کرێکارییە، لەلایەن لقی یەکی داداگای ئینقلابی سەقزەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران" بە ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی" بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرابوو.

دادگا بە سەرنجدان بە لایەنەکانی کەمکردنەوەی سزا لە ماددەی ٣٨ یاسای سزای ئیسلامی، دەرکراوی ساڵی ،١٣٩٢ لەوانە تەمەنی عوسمان ئیسماعیلی و خێزانداربوونی ناوبراو، بە پشتبەستن بە ماددەی ناوبراو و ماددەی ٦ی کەمکردنەوەی سزای زیندانی تەعزیری دەرکراوی ساڵی ١٣٩٩، حوکمەکەی بە ١٦ مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو، کەم کردبووەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٢، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی عوسمان ئیسماعیلی بە سەرۆکایەتیی داداوەر "جەواد مستەفایی"، سەرۆکی لقی یەکی داداگای ئینقلابی سەقز و "کەیوان جەهانی"، ڕاوێژکاری دادگای ئینقلابی سەقز بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، عوسمان ئیسماعیلی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی، هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ئەم چالاکە کرێکارییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عوسمان ئیسماعیلی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی "شوهەدا"ی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.