دەرکردنی زیاتر لە ١١٧ کرێکاری شارەداریی سەقز

15:24 - 10 بانەمەڕ 2724

٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵگەلێک سەبارەت بە دەرکرانی دەیان کەس لە کرێکارانی شارەداریی سەقز بڵاو کرایەوە کە هەندێ کەس ئەمەیان بە ئاکامی "گوشاری ناوەندە باڵادەستەکان" زانی و ژمارەیەکیش بە ناوی "دیاریی سەیروسەمەرەی شارەداریی سەقز بۆ کرێکارەکانی" ناویان لێ برد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستی کوردپا گەیشتوون ڕێژەی ئەم کرێکارانە ١١٧ کەس بووە و لە بەشە جۆراوجۆرەکانی، خزمەتگوزاری، جوانکاری و سەوزایی کاریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هەندێک لەم کرێکارانە لەسەر ڕاسپاردەی ئەندامانی شۆرای شار، جێگرەکانی شارەداری یان فەرماندار لەسەر ئەم کارانە دانراون و ئێستا دوابەدوای دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان شارەدار و هەندێک لە ئەندامانی شۆرای شار و فەرمانداردا، ئەم کرێکارانە بوونەتە قوربانیی بەرپرسانی ناوبراو لە پارێزگاری کە بە گەورەکردنەوەی بابەتەکە بوونەتە هۆی دەرکردنی ئەم کرێکارانە.

پیشتر "سەقز ڕووداو" کە بۆ یەکەمین جار ڕاپۆرتی لەمبارەوە بڵاو کردەوە نووسی ئەم کارە "لەژێر گوشاری ناوەندە باڵادەستەکان"دا کراوە. ئەم میدیایە ڕێژەی کرێکارە دەرکراوەکانی ١٥٠ کەس ڕاگەیاندبوو.

کاناڵی تێلێگرامیی "ئەنجومەنی کرێکاران و وەستاکارانی بانە"، ڕێژەی ئەم کرێکارانەی ١٧٠ کەس ڕایگەیاند و لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا ئەوەی بە "دیاریی سەیروسەمەرەی شارەداریی سەقز بۆ کرێکارەکانی" ناو برد و نووسی شارەداریی سەقز دەستدرێژی کردووەتە سەر سفرەی ١٧٠ کرێکاری زەحمەتکێش و لە کار دەری کردوون.

ئەم ئەنجومەنە لە درێژەدا، هۆکاری ئەم کارەی "ناکۆکی و قەیرانی ڕێکخراوەیی" ڕاگەیاند.

ئەم کرێکارانە بە قەراردادی ٨٧ ڕۆژە لە بەشەکانی سەوزایی، جێبەجێکردن و نیگابانی کاریان کردووە.