بۆکان؛ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەک

20:25 - 30 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مووسا جەلیلیان" کوڕی عومەر و خەڵکی گوندی "ئوشتەپە'' سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی بۆکان کرا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، ئیتلاعاتی بۆکان لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەی جەلیلیانی ڕاگەیاند کە کوڕەکەیان لە گرتنگەی ئەم ناوەندەیە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گرتنگەدا بەتوندی لێی دراوە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی مووسا جەلیلیان لەبەر دەستدا نییە.