کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری ''بەستام''ی سەقز

21:41 - 26 خاکەلێوه 2724

شەوی شەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئومید سەعیدی"، دانیشتووی سنە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "بەستام"ی سەقز، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، تەرمی ئەم کۆڵبەرە پاش ٨ کاتژمێر گەڕان لەلایەن خەڵکەوە دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە.

ئەم کۆڵبەرە خەڵکی "کانی درێژ" سەر بە شاری دێولان، خێزاندار و تەمەن ٤٠ ساڵانە.

هەر لەم پێوەندییەدا، شەوی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە، کۆڵبەریک بە ناوی "مێهرداد عەبدوڵڵازادە" کوڕی عوسمان، خەڵکی  گوندی "مەراغان" سەر بە شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.