گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی ئێحسان قاسمی‌فەرد، لاوی کورد خەڵکی شاری کەنگاوەر بە هۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی بەسیج

00:34 - 20 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١، ئێحسان قاسمی‌فەرد، لاوی تەمەن ٣٦ ساڵی کوردی خەڵکی شاری کەنگاوری کرماشان و دانیشتووی شاری کەرەج، پاش دۆڕاندنی تیمی فووتباڵی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر تیمی ئامریکا، لەلایەن ٥ کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی بەسیجەوە لە کۆڵانێک دەسبەسەر دەکرێت و دەکەوێتە بەر لێدان. ئێحسان بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە لەژێر ئازار و ئەشکەنجەیەکدا کە چەند کاتژمێری خایاندووە، لە تەعمیرگایەکی ماشیندا، گیانی لەدەست دەدات.

کوردپا کە بە شێوەی تایبەت باس لە شێوەی برینداربوون و کوژرانی بەشداربووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەکات، ئەمجارە شێوەی گیانلەدەستدانی ئێحسان قاسمی‌فەرد، لاوی تەمەن ٣٦ ساڵی کوردی خەڵکی شاری کەنگاوەری کرماشان و دانیشتووی شاری کەرەج، دەگێڕێتەوە. ئێحسان قاسمی‌فەرد ساڵێک پێش لە کوژرانی، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕووی لە شاری کەرەج کردبوو. ئەو پاش تەواوبوونی یاریی فووتباڵی کۆماری ئیسلامی و ئامریکا لە ڕۆژی ٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١، کاتژمێری ١ی بەرەبەیانی پاش هاتنەدەرەوە لە ماڵەکەی لەلایەن ٥ کەس لە هێزەکانی بەسیجەوە دەسبەسەر دەکرێت و بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی ئەو هێزانەوە و برینداربوون، لە تەعمیرگایەکی ماشیندا، گیانی لەدەست دەدا.

دەسبەسەرکرانی ئێحسان قاسمی‌فەرد لەلایەن ٥ کەس لە هێزە سەرکوتەرەکانی بەسیج و ئازار و ئەشکەنجەدرانی چەند کاتژمێریی ناوبراو لە تەعمیرگایەکی ماشین؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمەڕ چۆنیەتیی دەسبەسەرکران و ئازار و ئەشکەنجەکرانی ئێحسان لەلایەن چەند کەس لە هێزەکانی بەسیجەوە دەڵێت؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١، پاش کۆتاییهاتنی کێبڕکێی فووتباڵی نێوان تیمەکانی ئێران و ئامریکا، کە بە سەرکەوتنی ئامریکا کۆتایی پێ هات، کاتژمێر یەکی نیوەشەو، ئێحسان لە ناوچەی "سەرئاسیاو"ی کەرەج لە ماڵەکەی خۆی دێتە دەرەوە و هەتا سەر کۆڵانەکە و نزیک لە بانکەکە بە پیاسەکردن دەڕوات، کە لەلایەن ٥ کەس لە هێزەکانی بەسیجەوە هێرشی دەکرێتە سەر. هێزەکانی بەسیج پاش دەرگیربوون لەگەڵ ئێحسان، ناوبراو دەسبەسەر دەکەن و پاش گواستنەوەی بۆ نێو تەعمیرگای "پایگای ئیمام عەلی"، بە توندترین شێوە ئازار و ئەشکەنجەی دەدەن.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا بە ئاماژە بە ماوەی لێدان و ئەشکەنجەکرانی ئێحسان قاسمی‌فەرد کە لەلایەن هێزەکانی بەسیجەوە بە بارمتە گیرابوو، دەڵێت: هێزەکانی بەسیج پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر، ناوبراویان بە توندترین شێوە ئازار و ئەشکەنجە کردبوو. هێزەکانی بەسیج کاتژمێر، ٥ یا ٦ی بەیانی، ئێحسان دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە بەڵام بە هۆی قووڵی برینەکانییەوە پێش لە گەیشتن بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دەدات.

بێسەروشوێنکردنی تەرمی ئێحسان قاسمی‌فەرد و ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی پاش چەند ڕۆژ؛

پاش قەتڵی حکوومەتیی ئێحسان قاسمی‌فەرد و دوابەدوای بێسەروشوێنکرانی تەرمەکەی، بنەماڵەکەی دەست بە بەدواداچوون بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان دەکەن. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو بارەیەوە دەڵێت؛ بنەماڵەی قاسمی‌فەرد لە دیارنەمانی کوڕەکەیان نیگەران دەبن بۆیە یەکێک لە براکانی ئێحسان بەدواداچوونی بۆ دەکات، بەڵام هیچ جۆرە زانیارییەک لە چارەنووسی براکەی دەست ناکەوێ. لە ئاکامدا، هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان پاش چەند ڕۆژ بنەماڵەکەی ئاگادار دەکەنەوە کە تەرمی کوڕەکەیان لە ساردخانەی نەخۆشخانەی "شوهەدای سڵامەت" لە جاددەی مەلاردە.

سکاڵای بێئاکامی بنەماڵەی قاسمی‌فەرد بۆ ناسینەوەی بکوژانی کوڕەکەیان؛

پاش ئازار و ئەشکەنجەی ئێحسان قاسمی‌فەرد بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لەلایەن هێزەکانی بەسیجەوە و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی "شوهەدای سڵامەت"، ئەو هێزانە بە پزیشکان و پەرەستارانی نەخۆشخانەکە دەڵێن، کە دەرزیی لێ بدەن و لە مردن ڕزگاری بکەن؛ بەڵام ئێحسان بەو هۆیەوە کە بە شۆکێر لە شادەماری درابوو، گیانی لەدەست داوە.

 بەوتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، هێزەکانی بەسیج پاش ئاگاداربوونەوە لە گیانلەدەستدانی ئەو وەرزشوانە کوردە، دەسبەجێ نەخۆشخانەکە بەجێ دەهێڵن.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، دەموچاوی ئەو هێزە بەسیجییانەی کە تەرمی ئێحسانیان بردووەتە نەخۆشخانە، لە ڕێگەی کامێرای چاوەدێریی نەخۆشخانەکەوە تۆمار کراوە. بۆیە بنەماڵەی ئێحسان سکاڵا تۆمار دەکەن بەڵام تا کاتی تۆمارکرانی ئەم گێڕانەوەیە هیچ هەوڵێک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ پێڕاگەیشتن بەم سکاڵایە نەدراوە و هێزە بەسیجییەکان بە هیچ شێوازێک بەدواداچوونی یاساییان بۆ ناکرێ و ئازادن.

گوشار بۆ سەر بنەماڵەی ئێحسان قاسمی‌فەرد؛

ناوەندە سەرکوتکەرە_ئەمنییەتییەکان بۆ نکۆڵیکردن لە قەتڵی حکوومەتیی ئێحسان قاسمی‌فەرد، لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان، بنەماڵەکەی دەخنە ژێر گوشارەوە. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو بارەیەوە دەڵێت؛ هێزە سەرکوتکەرە_ئەمنییەتییەکان بەتوندی دایکی ئێحسان قاسمی‌فەردیان خستبووە ژێر گوشارەوە تاکوو هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەی بە "جەڵتەی دڵ" ڕابگەیەنێ. بەڵام دایکی ئەو وەرزشوانە کوردە ئەو داواکارییە بەتوندی ڕەت کردبووەوە و بە هێزە سەرکوتکەرەکانی وتبوو: "کوڕەکەی من وەرزشوان بووە، ئەگەر تەرمەکەمان پێ نادەنەوە، کێشە نییە بەڵام من ئامادە نیم لە خوێنی کوڕەکەم خۆش بم".

هێزە سەرکوتکەرەکان لە کاتی ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئێحسان قاسمی‌فەرد بە بنەماڵەکەی، تەرمەکەیان بە تەواوەتی داپۆشیبوو و ئیزنی بینینی تەرمەکەیان بە بنەماڵەکەی نەدابوو، بەڵام پاش ناڕەزایەتییدەربڕینی توندی خوشکی ئێحسان، هێزە سەرکوتکەرەکان ناچاربوون کە ڕوخساری ئیحسان پیشانی بنەماڵەکەی بدەن؛ لەو کاتەدایە کە بنەماڵەکەی دەزانن، لووتی ئێحسان شکاوە و دەموچاوی شین هەڵگەڕاوە و شوێنەواری شۆکێری کارەبایی و سپرەی بیبار لەسەر دەموچاوی کوڕەکەیان ماوەتەوە.

ئامادەبوونی هێزە ئیتلاعاتی_ئەمنییەتییەکانی کەرەج و کەنگاوەر لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئێحسان قاسمی‌فەرد و دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتی؛

بنەماڵەی قاسمی‌فەرد پاش وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان، بەتوندی کەوتنە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەوە تاکوو ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی کوڕەکەیان، بە شەودا بەڕێوە ببەن، بەڵام بنەماڵەی قاسمی‌فەرد، خواستەکەیان ڕەت کردەوە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، شەوێک پێش لە بەخاکسپاردنی تەرمی ئێحسان قاسمی‌فەرد (١٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١)، هێزەکانی ئیتلاعاتی کەنگاوەر و کەرەج، دەورووبەری گۆڕستانی کەنگاوەریان گەمارۆ دابوو. لە ڕۆژی بەخاکسپاردنی تەرمی ئێحساندا و لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکەدا، یەکێک لە خزمەکانی بنەماڵەی قاسمی‌فەرد، لەگەڵ وێنەگرێک، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەسبەسەر کران.

ئێحسان قاسمی‌فەرد؛

ئێحسان قاسمی‌فەرد، وەرزشوانی بواری کێش‌هەڵگرتن، کوڕی عەلی و زوهرە، لەدایکبووی شاری کەنگاوەر بوو.

ئێحسان هەتا پۆلی سێی ناوەندی درێژەی بە خوێندن دابوو.