مەهاباد؛ گێڕانەوەیەک لە برینداربوونی محەممەد خزری بە سەدان فیشەکی ساچمەیی

10:08 - 8 خەزەڵوەر 2723

محەممەد خزری، لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵەی خەڵکی مەهابادە کە بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانەکان لە سەربازی گەڕابووەوە. ناوبراو ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، پاش قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی، بە زیاتر لە سەد فیشەکی ساچمەیی، پشت و دەورووبەری سینگی لە مەودایەکی نزیکەوە و لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە کرایە ئامانج. محەممەد خزری بە نهێنی دەژیت و هێشتا ٥٠٠ فیشەکی ساچمەیی لە جەستەیدا، ماونەتەوە و لەگەڵ کێشەی هەناسەکێشان، ئازاری گورچیلە و کێشەی دەروونی بەرەوڕوویە.

کوردپا کە بەشێوەی تایبەت، شێوەی برینداربوون و گیانلەدەستدانی ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستاندا دەگێڕێتەوە، ئەمجارە شێوەی برینداربوونی محەممەد خزری، هاووڵاتیی ناڕازی خەڵکی مەهاباد دەگێڕێتەوە کە ئێستا لە دەرەوەی ئێران دەژیت.

ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە ٤٣ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی خەڵک لە شارەکانی کوردستان و ئێران، خوێندکاران و قوتابییان لە قوتابخانە و زانکۆکانیش هاتنە گۆڕەپانی خەبات و مانگرتنی دووکانداران و بازاڕییانیش هەروەها درێژەی هەبوو. لە ماوەی ٤٣ ڕۆژ لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ٥٧ قەتڵی حکوومەتیی ئەنجام دابوو و ڕێژەی برینداربووەکان گەیشتبووە هەزاران کەس. محەممەد خزری هاووڵاتیی ناڕازیی تەمەن ٢٣ ساڵەی مەهابادی، یەکێک لەو بریندارانەیە.

چۆنییەتی تەقەکردن لە محەممەد خزری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە کە بە ماشینی شەخسی هاتبوونە نێو خەڵکەوە؛

محەممەد خزری، هاووڵاتیی ناڕازی کە لە ترسی دەسبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ئێستا لە دەرەوەی ئێران دەژی، سەبارەت بە چۆنیەتیی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان ڕایگەیاند؛ من سەرباز بووم لە شاری ماکۆ(سنووری نێوان ئێران و تورکیە)، هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، مورەخەسیم وەرگرت و هاتمەوە بۆ شاری مەهاباد.

نزیکەی حەفتەیەک هەموو شەوێ لە گەڕەکی شوێنی ژیانی خۆمان (شەقامی زانکۆی ئازادی ئیسلامی)، دەچوومە نێو خۆپێشاندانەکان و بەشداریم دەکرد. لە ئاخرین شەودا کە چوومەوە دەرەوە (٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١)، کەشی شاری بەتوندی ئەمنییەتی بوو و هێشتا هیچ کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی دروست نەببوو. لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانم لە تەنیشت شەقامی سەرەکیی گەڕەکەکەمان خەریکی قسەکردن بووین کە ماشینێکی شەخسی لە جۆری سەمەندی سپی کە چراکانی کوژراندبووەوە، هاتە نێو شەقامەکە و سێ کەس لە (هێزە سەرکوتکەرەکان) لە ماشینەکە دابەزین. ئەو سێ کەسە هاتن بۆ لای ئێمە و دەستیان بە هەڵاتن و تەقەکردن لە ئێمە کرد. من لە پشتەوە بە چەکی ڕاو، پێنج جار تەقەم لێ کرا.

ئەم هاووڵاتییە ناڕازییە پاش تەقەکردن لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتەوە تووشی کونبوونی ڕێخۆڵە دەبێ و ئەمە ئەبێتە هۆی خوێنرێژی و چوونەژوورەوەی هەوا بۆ نێو ڕێخۆڵەکانی. محەممەد خزری سەبارەت بە بارودۆخی خۆی لەو کاتەدا، بە کوردپا دەڵێت؛ توانای هەناسەکێشانم نەبوو، هاوکات لە کاتی هەڵاتن چوومە نا کۆڵانێک و دوای یارمەتیم کرد. هەر لەو کاتەدا یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە دەرکەی بۆ کردمەوە و پەنای دام.

دواتر محەممەد خزری بنەماڵەکەی ئاگادار دەکاتەوە و بۆ شوێنێکی ئەمنی ڕادەگوازنەوە.

گواستنەوەی محەممەد خزری بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ پاش ٢٤ کاتژمێر خوێنڕێژی بە بێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی؛

بەهۆی ئەوەیکە هێزە سەرکوتکەرەکان لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لەم لاوە کردبوو، زۆربەی ساچمەکان بە قووڵی جەستەیان پێکابوو و بەم هۆیەوە تووشی خوێنڕێژیی توند ببوو و یەکێک لە ڕێخۆڵەکانیشی پڕ ببوو لە خوێن و هەوا و ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی کە دۆخی تەندروستیی محەممەد ناجێگیر بێت.

محەممەد خزری سەبارەت بە بارودۆخی خۆی بە کوردپای ڕاگەیاند؛ تووشی شۆک ببووم و شەو و ڕۆژێکم بە ڕێخۆڵەیەکی پڕ لە خوێن و چڵکەوە تێپەڕاند. لە کۆتاییدا لە ڕێگای یەکێک لە ناسیاوەکانمەوە، ڕێگایەکمان بۆ ڕاگواستنم بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ، دۆزییەوە.

محەممەد خزری پاش گواستنەوەی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ، نەشتەرگەری ئورژانسیی ڕێخۆڵەی بۆ دەکرێت و بە زووترین کات مورەخەس دەکرێت.

بەجێمانی ٥٠٠ فیشەکی ساچمەیی لە جەستەی محەممەد خزری و تووشبوونی بە کێشەی جەستەیی و دەروونی؛

سەرەڕای ئەوەیکە نەشتەرگەرییە ئورژانسییەکە مەترسییە جیدییەکان لە سەر ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە کەم دەکاتەوە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی ساڵێک هێشتا ٥٠٠ فیشەکی ساچمەیی لە جەستەی محەممەد خزریدا بەجێ ماوە و دەرنەهێنراوە.

ئەو لاوە تەمەن ٢٣ ساڵەیە سەبارەت بە دۆخی جەستەیی و دەروونیی خۆی پاش تێپەربوونی نزیک بە یەک ساڵ، بە کوردپای وت؛ پاش مورەخەسکردنم لە ناوەندی دەرمانیی ورمێ، ئێستاش ئازاری توندی گورچیلە و کێشەی هەناسەکێشانم هەیە.

هەروەها پاش هەڵاتنم لە ئێران بەهۆی گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئێستا بە شێوەی نهێنی لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران، دەژیم و توانای کارکردنم نییە. لە لایەکی دیکەوە هێشتا پێویستم بە چارەسەری دەروونی و جەستەیی هەیە و زۆربەی شەوەکان خەونی ئاڵۆز دەبینم.

هەڕەشە، گوشار و هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی محەممەد خزری بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی ناوبراو؛

گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان پاش برینداربوونی محەممەد خزری بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی، چەند جارێک درێژەی هەبووە. ئەو لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ پاش برینداربوونم و خۆشاردنەوە لە ترسی دەبسەسەرکران، هێزە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی من هێرشیان کردبووە سەر ماڵی باوکم و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکە کردبوو. چەندین جاریش ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفوونییەوە هەڕەشەیان لێ کردووم.

محەممەد خرزی؛

محەممەد خزری لەدایکبووی ٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٠، کوڕی عەبدولهادی و شەهلایە.

ئەو لەدایکبووی شاری سەردەشت و دانیشتووی شاری مەهابادە و ئێستا بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان وەکوو پەنابەر لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران دەژی.

ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە، لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی سەربازیی زورەملێ لە شاری ماکۆ (شارێکی سنووریی نێوان ئێران و تورکیە) بووە و بە هاتنە مەرەخەسیی، چووەتە ڕیزی خۆپیشاندەرانی مەهابادەوە

پاشنووس؛

کوردپا لە ڕەوتی بەدواچوونی دۆخی بریندارەکانی ناڕەزاییەکان دەستی بە کۆمەڵێک زانیاریی گەیشتووە کە نیشان دەدات؛ هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت پاش سەرکوتی توندی هاووڵاتییانی ناڕازی و تەقەی ڕاستەوخۆ لە سەر و دەموچاوی ئەوان لە مەودایەکی نزیکەوە کە کوێربوون و ئیفلیجبوونی زۆرێک لە خەڵکی لێکەوتووەتەوە؛ هێرش دەکەنە سەر ماڵی هاووڵاتییانی ناڕازی تاکوو برینداربووەکان دەسبەسەر بکەن.

چارەنووسی زۆرێک لە برینداربووەکان کە هێشتا بە شاراوەیی خەریکی چارەسەری پزیشکین ناڕوونە. کۆماری ئیسلامی بە بریندارکردنی ناڕازییەکان، دەست لە ئازار و ئەزیەتی ئەوان هەڵناگرێت و هەوڵی دەسبەسەرکردنیان دەدات. چیرۆکی هەموو برینداربووەکان کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و پێشگرتن لە دەسبەسەرکران و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ناچاربوون زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن و دوور لە بنەماڵەکەیان ژیان بکەن؛ تەنیا گۆشەیەک لە سەرکوت و جینایەتی کۆماری ئیسلامی لە هەڵسوکەت لەگەڵ خەڵک و هاووڵاتییانی ناڕازی نیشان دەدات.