گێڕانەوەیەک لە برینداربوونی چالاکێکی کرێکاری لە سنە

00:47 - 30 رەزبەر 2723

فەرزاد مورادی‌نیا، تەمەن ٣٦ ساڵ، چالاکی کرێکاری و خەڵکی سنەیە. ناوبراو وەکوو هاووڵاتییەکی ناڕازی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پاش قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی، بە فیشەکی ساچمەیی و گازی فرمێسکڕێژ لە مەودای نزیکەوە، بەتوندی بریندار دەبێت. فەرزاد مورادی‌نیا لە ئاکامی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بینایی چاوی چەپی لەدەست داوە، گوێی چەپی لە بیستندا تووشی کێشە بووە و کاسەی چاو، لووت، چەناگە و سەری تووشی شکان و ئازار بووە.

کوردپا کە بەشێوەی تایبەت، شێوەی برینداربوون و گیانلەدەستدانی ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و ئێراندا دەگێڕێتەوە، ئەمجارە شێوەی برینداربوونی فەرزاد مورادی‌نیا لە هاووڵاتییانی خۆپیشاندەری سنەیی دەگیڕێتەوە کە ئێستا وەکوو پەنابەر ڕووی لە وڵاتێکی دیکە کردووە.

ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی خەڵک لە شاری سنە، پاش کوژرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، چوار هاووڵاتی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرە_حکوومەتییەکان گیانیان لەدەست دا. پەیمان مینبەری تەمەن ٢٥ ساڵ، داریووش عەلیزادە تەمەن ٣٣ ساڵ، یەحیا ڕەحیمی تەمەن ٣٢ ساڵ و محەممەد ئەمینی، ناوی ئەو چوار کەسە بووە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کوژران.

هاوکات لەگەڵ کوژرانی ئەو چوار هاووڵاتییە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرە_حکوومەتییەکان بریندار بوون. فەرزاد مورادی‌نیا یەکێک لەو بریندارانەی ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری سنەیە کە چاوی چەپی لەدەست داوە.

چۆنیەتیی بەشداریی فەرزاد مورادی‌نیا لە خۆپیشاندانەکانی شاری سنە؛

فەرزاد مورادی‌نیا کە ئێستا لە دەرەوەی ئێران ژیان بە سەر دەبات، سەبارەت بە چۆنیەتیی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی سنە بە کوردپای ڕاگەیاند: من بەهۆی هەبوونی ئەزموونی بەشداریکردنی چەند ساڵە لە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام، لە ڕەوتی شۆڕش ژن، ژیان، ئازادی لە تاریکایی شەودا دەچوومە شەقامەکان و ڕۆژەکانیش خەریکی ڕێکخستن، دابینکردنی پێداویستییەکان، ئاو و نان، ماسک و کەرەستەی ئیمەنی بووم.

چۆنیەتیی تەقەکردن لە فەرزاد مورادی‌نیا و برینداربوونی؛

فەرزاد مورادی‌نیا لە پەیوەندیی لەگەڵ شێوەی برینداربوونی خۆی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی سنەدا بە کوردپای ڕاگەیاند: سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١، هێندێک کاری شەخسی چووبوومە شەقامی "شەشۆم بەهمەن" و کۆڵانی بەرانبەر "پاساژی بەهارە"، کە کاتژمێر ٩ی بەیانی لەگەڵ هێرشی دڕندانەی هێزەکانی حکوومەت لەگەڵ منداڵان، مێرمنداڵان و خەڵکی بەساڵاچوو، بەرەڕوو بوومەوە و نەمتوانی گرینگیی پێ نەدەم. بە نیشانەی ناڕەزایەتیی بەرەو لای هێزەکان ڕۆیشتم، بەڵام ئەوان بە باتوم دەستیان بە لێدانی من کرد، بۆ پێشگرتن لە برینداربوونی هاوڕێیەکەم کە نەخۆش بوو، لە هێزەکان دوور کەوتینەوە؛ بەڵام هێشتا ٧_٨ مێتر دوو نەکەوتبووینەوە کە بە فیشەکی ساچمەیی و گازی فرمێسکڕێژ کراینە ئامانج. سەرەتا من بریندار بووم و کەوتم، دواتر تەقەیان لە هاورێکەشم کرد.

ناوبراو سەبارەت بە قورسیی برینەکەی ئاوای وت: بەهۆی فیشەکی گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی چەکی ڕاوی تەک لوول "تاپڕ"، تووشی نابینایی چاوی چەپ بووم و گوێی چەپیشم لە بیستندا تووشی کێشە بوو. نیوەی لای چەپی ڕوخسارم بە ٤٠ سانت پلاتینی نەواری پێکەوە لکێندراوە و دروست کراوەتەوە.؛ چوونکە قورسیی فیشەکی گازە فرمێسکڕێژەکە بە ڕێژەیەک بووە کە کاسەی چاوم، سینووسی لووت، کاکیلەی سەرەوە و لاچناگە و بەشێک لە کەلـلەسەرم شکاوە و ورد بووە و کاکیلەی خوارەوەشم لەجێ چووە.

سەردانی ناوەندە دەرمانییە خۆجێیەکان و لە کۆتاییدا هەڵاتن بۆ تاران بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و زۆربوونی ڕێژەی بریندارەکانی کوردستان لە نەخۆشخانەی فارابیی تاران؛

فەرزاد مورادی‌نیا و هاوڕێکەی، پاش برینداربوونیان لە ترسی دەسبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە، دەچنە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی دەورووبەری سنە. لەو ناوەندە دەرمانییەدا بە خۆشحاڵییەوە بەو هۆیەوە کە ساچمەکان گەورە بوون و لەژێر پیشت بوون لە ڕوخسار، دەست و باسکی فەرزاد و لە دەستی هاوڕێکەی دەردەهێنرێن.

بەڵام فەرزاد مورادی‌نیا بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە ناچار دەبێ بچێتە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە و لە ترسی دەسبەسەرکران ڕەوانەی نەخۆشخانەی فارابیی تاران دەکرێت؛ ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت: من بەهۆی نالەباربوونی بارودۆخی چاو و ڕوخسارم، ناچار بووم بچمە نەخۆشخانەی کەوسەر. بەڵام بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڵاتم و چوومە تاران سەردانی نەخۆشخانەی فارابیم کرد. لەوێ سەرنجم دا، ڕێژەیەکی زۆر لە لاوان و هاووڵاتییانی خۆپیشاندەری بریندارکراو لە شارەکانی کوردستان وەک؛ مەریوان، سنە، کامێران و دیواندەرە لە ترسی دەسبەسەرکران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کە نەیانتوانیبوو لە ناوەندە دەرمانییەکانی شارەکانی خۆیان چارەسەری پزیشكی وەربگرن، خۆیان گەیاندبووە نەخۆشخانەی فارابیی تاران. لەو نێوانەدا کەسانێک هەبوون کە هەر دوو چاویان لەدەست دابوو و تەنانەت بەهۆی کەشی ئەمنییەتیی و لە ترسی دەسبەسەرکران، ئیمکانی پرسین و ڕوونبوونەوەی ناو و زانیاریی بریندارەکان نەبوو.

فەرزاد مورادی‌نیا هاووڵاتیی ناڕازیی برینداربوو کە خۆی شایەتی برینداربوونی ڕێژەیەکی زۆر لە ناڕازییەکان و خەڵکی سنە بووە؛

فەرزاد مورادی‌نیا وەکوو یەکێک لە بریندارەکان کە خۆی شایەتی برینداربوونی ژمارەیەک لە خەڵک و هاووڵاتییانی ناڕازیی سنە بووە، لەو پەیوەندییەدا، بە کوردپای ڕاگەیاند؛ من خۆم ژمارەیەک لە برینداربووەکان دەناسم کە بەهیچ شێویەک سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە یان کەسانێک هەن کە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و چاویان لەدەست داوە، بەڵام بەهۆی گوشار و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەتییەکان ئامادە نین ئەو جینایەتەی کە دەرحەقیان کراوە، بە میدیایی بکرێت. کەسانێک لە گەڕەکەکانی "سیروس، فەیزاوا، کەمەربەندی و نایسەر" کە بۆ پاراستنی ئەمنییەتیی گیانیان، ناتوانم ئاماژە بە ناوەکانیان بکەم، بەڵام هەوڵ دەدەم ئاماژە بە چەند حاڵەتێکیان بکەم.

یەکێکیان لاوێکە لە گەڕەکی "نایسەر". ئەو لاوە پاش تەقەی هێزە سەرکەتکەرەکان لە شەقام، بۆ خۆدەربازکردن بۆ کۆڵانەکان و هەتا نزیک کێو و تەپۆڵکەکانی گوندەکانی پشت نایسەر و گەردەنەی سەڵواتاوا هەڵدێت. بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکان بە ماتۆڕ دوای کەتبوون و لە نزیک کێوەکاندا دەم و چاویان کردبووە ئامانج و لە کۆتاییدا، یەکێک لە چاوەکانی لەدەست دا.

حاڵەتێکی دیکە، هاووڵاتییەک بوو کە نزیکەی ٢٠ فیشەکی ساچمەیی لە ڕوخساری درابوو. من پاش چەند مانگ لەو پرسە ئاگادار بوومەوە و ئەو کەسەم بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی و دەرهێنانی ساچمەکان بردە لای پزیشک، بەڵام بەهۆی ڕێژەی زۆری ساچمەکان و هەستیاربوونی شوێنی ساچمەکان، هەروەها ڕیسکی ئیفلیج بوونی دەمارەکانی ڕوخسار، برۆکانی، ددان، چاو و پێڵووی چاوی، پزیشکەکان نەیانتوانی نەشتەرگەریی بۆ بکەن. ئەو هاووڵاتییە دەبێ هەتا کۆتایی تەمەنی بە ئازار، سووتان و خورانی شوێنی ساچمەکانەوە بژیت.

ئاماژەیەک بە چالاکییەکانی فەرزاد مورادی‌نیا، چالاکی کرێکاری لە دەیەی٩٠؛

فەرزاد مورادی‌نیا لە ساڵی ١٣٩٠، ئەندامی کۆمیتەی هاواهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووە و لەو ماوەیەدا، لە هەموو ئاکسیۆنەکانی ڕۆژی کرێکار، ڕۆژی جیهانیی ژن(٨ی مارس) و هەموو ناڕەزایەتییەکان بۆ پشتیوانی لە کرێکارانی زیندانی، زیندانییانی سیاسی و کرێکارانی کوژراو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئامادە بووە.

ئەو هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ کانوونی سێنفیی مامۆستایان و باقی سەندیکاکانی ئازادیی کرێکاران، شۆرای ژنان، ئەنجومەنی ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و ناوەندەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کاری منداڵان و تەنانەت ئەنجومەنی نە بۆ سێدارە و نە بۆ بەردباران، کە لە سنە چالاکییەکان دەکرد، هەبووە و لەو گرووپانە ئەندام بووە و خاوەنی پێشینەی کاری هاوبەش لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانە بووە.

بەڕێوەبردنی کارگرووپی مەحکوومکردنی توندوتیژی دژی ژنان بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر لە سنە، کردنەوەی کلاسی فێرکاریی شانۆ، ورزش، شاخەوانی، هاوکاری لەگەڵ شاخەوانانی سەربەخۆ کە چالاکیی وەرزشی_فەرهەنگیی بووە و بەشداری لە ئاکسیۆنی پشتیوانیی خەڵکی سنە لە کۆبانی، لە چالاکییە مەدەنییەکانی فەرزاد مواردی‌نیایە.

ئاماژەیەک بە پێشینەی زیندان و مەحکوومکردنی فەرزاد مورادی‌نیا بە زیندان؛

فەرزاد مورادی‌نیا لە ساڵی ١٣٩١ لە کۆڕی ساڵانەی کۆمیتەی هاواهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، لەگەڵ ٥٠ کەس لە ئەندامانی کۆمیتەکە دسبەسەر و پاش دوو ڕۆژ ئازار و ئەشکەنجە ئازاد دەکرێت.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە ساڵی ١٣٩٣دا سەرلەنوێ دەسبەسەر دەکرێ و بۆ ماوەی ٢٦ ڕۆژ لە ژووری‌ تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێ. دواتر بە بارمتەی ٧٠ میلیۆنی و بە شێوەی کاتی ئازاد دەبێت و پاش ماوەیەک لە دادگایەکی ١٥ خولەکیدا، بە ٣ ساڵ زیندان مەحکووم دەکرێت. دواتر بە تێپەڕاندنی ١٣ مانگ لە ماوەی حوکمەکەی، بە شێوەی مەرجدار ئازاد دەبێت و باقی ماوەی حوکمەکەی بۆ چوار ساڵ زیندانی تەعلیقی دەگوڕدرێت.

ئەو چالاکە کرێکارییە سەرەڕای ئازادبوونی بە شێوەی مەرجدار، دەگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی هاواهەنگی بۆ  یارمتیگەیاندن بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و لە باقی ئاکسیۆنە کرێکارییەکان و ئەو ئاکسیۆنانەی کە پشتیوانی لە ژنان و منداڵان دەکەن، بەشداری دەکات.

ناوبراو هەروەها لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ بەشدار بووە و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ چەند جار بە باتوم لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتەوە بریندار کراوە.

فەرزاد مورادی‌نیا؛

فەرزاد مورادی‌نیا، کوڕی سەعید و ئایشێ، لەدایکبووی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٥، لە شاری سنەیە.

ناوبراو چالاکێکی کرێکاریی چەپە.

فەرزاد مورادی‌‌نیا پاش دەسبەسەرکران، خەریکی کاری بیناسازی و دروستکردنی سپەری ماشین بووە، بەڵام بەهۆی دەسبەسەرکرانی یەک لە دوای یەک و زیندان، کارەکەی و موشتەرییەکانی لەدەست داوە و پاش ئازادبوونی لە زیندانی کاری دەستفرۆشی جلوبەرگی کردووە.