مەریوان؛ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە تەقەکردن لە دوو منداڵی تەمەن ٤ و ١١ ساڵان و دایکیان لە پێش ماڵەکەی خۆیان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە لیباس شەخسییەکانەوە

01:05 - 26 رەزبەر 2723

کوردپا کە بەشێوەی تایبەت شێوەی برینداربوون و گیانلەدەستدانی ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و ئێراندا دەگێڕێتەوە، ئەمجارە شێوەی پێکرانی دوو منداڵی ٤ و ١١ ساڵە و دایکیان لە شاری مەریوان دەگێڕێتەوە کە لە بە فیشەکی ساچمەیی هێزە لیباس شەخسییەکان و کاتێک کە لە کۆڵان خەریکی قسەکردن لەگەڵ دراوسێکەیان بوون، بریندار کراون. ناوی ئەو دوو منداڵە و دایکیان بەهۆکاری ئەمنییەتی لەلایەن  کوردپاوە پارێزراوە.

ڕۆژی ٥ی خەزڵوەری ١٤٠١، بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی و پاش ڕێوڕەسمی چلەی ناوبراو لە سەرتاسەری ئێراندا، بەربڵاوتر بوویەوە. شارەکانی کوردستان لە سنە و سەقز و دیواندەرەوە هەتا بۆکان و مەهاباد و پیرانشار، بوونە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان. هەر لەم ڕۆژەدا سارینا ساعدی لە سنە، فریشە محەممەدی، کوبرا شێخ سەقا، شاهۆ خزری و زانیار ئەبووبەکری لە مەهاباد، موتەلب سەعیدپەیڕەو و فەرەدیدوون فەرەجی لە بانە و حەمید گوڵی خەڵکی سنە لە تاران لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانەوە کوژران.

تەقەی هەڕەمەکی و بێ‌سنووری هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ تۆقاندن و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لەوانە، فریشتە ئەحمەدی و کوبرا شێخ سەقا لە پێش دەرگای ماڵەکەی خۆیاندا. هەروەها لە شاری مەریوان پێنج ژن و منداڵ لەوانە ئەم دوو منداڵە تەمەن ٤ و ١١ ساڵانەیە و داکیان لە پێش ماڵەکەی خۆیان، کرانە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان.

کوردپا لەم ڕاپۆرتەدا، باس لە برینداربوونی دوو منداڵی تەمەن ٤ و ١١ ساڵان لەگەڵ دایکیان، لە ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ لە شاری مەریوان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە لیباس شەخسییەکانەوە دەکات. هاوکات لەگەڵ ئەم ژنە و منداڵەکانی، دوو ژنی دیکەش بریندار بوون.

چۆنیەتیی برینداربوونی پێنج منداڵ و ژن لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە لیباس شەخسییەکانەوە و چارەسەری پزیشکیی ئەوان لەلایەن کادری دەرمانیی خۆبەخشەوە؛

بەوتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ ئەو دوو منداڵە لەگەڵ دایکیان کە تەمەنی ٤٠ ساڵە، لە کاتێکدا کە لە پێش دەرگای ماڵەکەی خۆیان لەگەڵ ژنە دراوسێیەکانیان خەریکی قسە و باس بوون، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە لیباس شەخسییەکانەوە، لەنێو ماشینێکەوە کە خەریکی ڕۆیشتن بووە تەقەیان لێ دەکرێت و هەر پێنج کەسیان بریندار دەبن.

هێزە سەرکوتکەرە لیباس شەخسییەکان پاش تەقەکردن لەو ژنە و منداڵەکانی، هەروا بەجێیان دەهێڵن؛ هاووڵاتییانی برینداربوو، لە ترسی دەسبەسەرکران لە چوون بۆ نەخۆشخانە خۆیان دەبوێرن و لەلایەن کادرێکی دەرمانیی خۆبەخشەوە چارەسەریان بۆ دەکرێت و ژمارەیەک ساچمە لە جەستەیان دەردەهێنرێت.

گواستنەوەی منداڵەکان بۆ نەخۆشخانەی کرماشان و دۆسییەسازی بۆ ئەوان لەژێر ناوی نەخۆشی تووشبووی شێرپەنجەی مێشک (تومور مغزی) لە ترسی دەسبەسەرکران و وەرنەگیرانیان؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند؛ کادرە دەرمانییەکە ژمارەیەک ساچمە لە جەستەی ئەو دوو منداڵە و دایکیان دەر دەهێنێ، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئیمکانات وکەرەستەی پزیشکییەوە، ناتوانێ ساچمەکانی نێو لووتی منداڵە تەمەن ٤ ساڵانەکە و چاوی کچە تەمەن ١١ ساڵانەکە دەربهێنی، هەر بۆیە ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان دەکرێن.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە کردنەوەی دۆسییە لە نەخۆشخانەی کرمانشان بۆ ئەو دوو منداڵە دەڵێت: بنەماڵەی ئەو دوو منداڵە لە ترسی دەسبەسەرکران و وەرنەگیرانیان لە نەخۆشخانەی کرماشان بەهۆی بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان، لەژێر ناوی نەخۆشی تووشبوو بە "شێرپەنجەی مێشک" دۆسییەیان بۆ دەکەنەوە.

لە نەخۆشخانەی کرماشاندا پزیشکەکان توانییان ئەو ساچمانەی کە لە چاوی منداڵە ١١ ساڵەکەدا بوون دەربێنن، بەڵام منداڵەکەی دیکە بە هۆی کەمیی تەمەنی منداڵە ٤ ساڵەکە، تاکوو ئێستا ساچمەکان لە لووتیدا ماونەتەوە و دەرنەهێنراون.

شۆکبوونی دایکی منداڵەکان؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمەڕ شۆکبوونی ئەو ژنە تەمەن ٤٠ ساڵەیە بەهۆی برینداربوونی منداڵەکانی ڕایگەیاند: ئەو دایکە بەهۆی برینداربوونی منداڵەکانییەوە تووشی شۆک بووە و پاش  تێپەڕینی ساڵێک بە سەر ئەو ڕووداوەدا، سەرەڕای خواردنی دەرمان، هەروها لەژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.

کوردپا لە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١دا، وێنەی ئەو دوو منداڵە بریندارە و دایکیانی، بڵاو کردەوە؛

تەقەی ڕاستەخۆ بە فیشەکی ساچمەیی، پلاستیکی و پینێت ‌باڵ لە جەستەی هاووڵاتییانی ناڕازی، بەشیک لە سەرکوتی بەربڵاو و سیستماتیکی حکوومەتی لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی بۆ وڵامی خەڵکی ناڕازی لە کوردستان و ئێران بوو. تەقە لە سینگ، ڕوخسار، شوێنە هەستیارەکانی جەستە و لە مەودایەکی نزیکەوە بە فیشەکی ساچمەیی کە زیانی زۆری بە هاووڵاتییان گەیاندووە بەشێک لە ڕەوتی سیستماتیک و موهەندسیکراوی سەرکوت لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە ئاشکرا نیشان دەدا و نیشانی دەدات کە هێزە سەرکوتکەرەکان ئیزنی تەقەی بێ سنووریان پێ دراوە.