پیرانشار؛ کوژرانی ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵەی قوربانیی منداڵ‌_هاوسەری لەلایەن باوکیەوە

13:17 - 24 رەزبەر 2723

کاتژمێر ٢ و ٢٠ خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ بە ناوی "ترووسکە عەبدوڵڵازادە"، کچی کەریم (ناسراو بە حاجی)، خەڵکی گوندی "کاسەکەران"، سەر بە پیرانشار و دانیشتووی ئەم شارە، کە قوربانیی منداڵ_‌هاوسەری بووە، بە هۆی "پێوەندی تلفۆنی لەگەڵ کەسێکی تر"، لەلایەن باوکیەوە کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم ژنە تەمەن ٢١ ساڵەیە، نزیک بە دوو مانگ پێش بە هۆی "پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ کەسێکی دیکە" لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەر کراوە و پەنای بردووەتە بەر ماڵی مامی. ناوبراو دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و لە ماوەی سێ شەوی ڕابردوودا کە لە ماڵی باوکی بووە، دوابەدوای هەندێ ڕووداو، بەدەستی باوکی کوژراوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە ڕوودانی ڕووداوەکە و چۆنیەتیی کوژرانی ترووسکە بەدەستی باوکی دەڵێ: لە ئاخرین کاتژمێرەکانی زیندووبوونی ترووسکەدا، باوکی لە پێوەندییەکی تلفۆنی لەگەڵ ئەو کەسەدا کە لەگەڵ ترووسکە پێوەندیی هەبووە دەڵێ، دەبێ وڵامدەر بیت و هاوسەرگیری لەگەڵ کچەکەم بکەی، کاتێ ئەو کەسە دژایەتی لەگەڵ ئەم بابەتە دەکات، پێوەندییەکە بە دەمەقاڵێ کۆتایی پێ دێت. دواتر باوک، مام(کە خەزووری ترووسکە بووە)، هاوسەر و چەند کەس لە براکانی ترووسکە بەمەبەستی لێدان دەیبەنە ژوورێکەوە و سەباەت بەوەی کە چیی کردووە قسەی لەگەڵ دەکەن. کاتێ ترووسکە قسەکانیان دەبیسێ هەوڵ دەدات لە پەنجەرەی ئەو دیوەوە کە لە نهۆمی دووەم بووە خۆی فڕێ بداتە خوارەوە. لەم کاتەدا هاوسەری یەکێک لە مامەکانی فریای دەکەوێ و ترووسکە دەبردرێتە ماڵی یەکێک لە مامەکانی.

کاتێ باوک و مامی ترووسکە لەم بابەتە ئاگادار دەبنەوە، بە دوایدا دەچن. مامێکی دیکەی ترووسکە کە لە ماڵیان دەبێ پێش بە باوک و مامەکەی دیکەی(خەزووری) دەگرێت و دەڵێ لێی گەڕێن، تازە شتەکە ڕووی داوە، بەڵام ئەوان گوێ بە قسەکەی نادەن و کاتێ دەچنە ماڵەکەوە هەتا دەتوانن لە ترووسکە دەدەن و دواتر باوکی بە پشتوێنێک، هەڵیدەواسێ. لەم کاتەدا یەکێک لە براکانی هاوسەرەکەی ترووسکە، پشتوێنەکە دەبڕێت و ڕزگاری دەکات، بەڵام باوکی ترووسکە بە شەق لە ملی دەدات و دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی کچەکەی.

پاش کوژرانی ترووسکە، تەرمەکەی ڕەوانەی پۆلیسی ئاگایی پیرانشار دەکرێ و و باوک و مامی(خەزووری)، خۆیان ڕادەستی پۆلیس دەکرێن، بەڵام باوکی بە تەنیا دەسبەسەر دەکرێ. تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، تەرمی ئەم ژنە لە نەخۆشخانەیە و بڕیارە بە مەبەستی توێکاری، ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی ورمێ بکرێ.

ترووسکەی تەمەن ٢١ ساڵ لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا ناچار بە هاوسەرگیری لەگەڵ یەکێک لە کۆڕمامەکانی خۆی بە ناوی "ڕەحمان" کراوە. ناوبراو قوربانیی منداڵ‌_هاوسەری بووە و هەر لە ساڵەکانی یەکەمی ژیانی هاوبەشیدا منداڵێ دەبێ.

کوردپا وێڕای مەحکوومکردنی ژنکوژی، جەخت دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی ئارپاتایدی ڕەگەزییە و ژنان لەم حکوومەتەدا لەژێر ستەم، سەرکوت، قەتڵی حکوومتی و یاساکان و پێکهاتەی سیستماتیکی دژەژندان، لەلایەکی دیکەوە حکوومەت کەڵکی کۆمەڵایەتی_سیاسی لە دیاردەی ژنکوژی وەردەگرێ و دەستی بکوژانی ژنانی ئاوەڵا هێشتووە. کۆمەڵگە و ناوەندە مەدەنییەکان پێویستە بە شێوەیەکی جیددی بێنە نێو ئەم بابەتەوە و ناشیرینبوونی ئەم دیاردەیە، نیشانی خەڵک بدەن. ئەم بەرپرسایەتییە کۆمەڵایەتییە، باشترین و کاراترین و ڕەنگە تەنیا ڕێکار بێت کە لە ئێستادا بۆ دژایەتی لەگەڵ توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگەدا بوونی هەیە و بێدەنگیی کۆمەڵگە لەمبارەوە ڕێژەی قوربانییان زیاتر دەکاتەوە؛ قوربانیگەلێک کە پێشتر قوربانیی منداڵ‌_هاوسەری، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، وازهێنان لە خوێندن، دووگیانبوون لە منداڵیدا بوونە و جۆرەکانی هەڵاواردنە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانیان ئەزموون کردووە.

بە وتەی ئەوین مستەفازادە، بەرپرسی ناوەندی ئامار و وتەبێژی کوردپا؛ ئەوەی سەبارەت بە ژنکوژی لە کوردستانی ئێران، بەپێچەوانەی وێژمانی حکوومەت دەبێ لەبەرچاو بگیردرێت؛ ئەمەیە کە ژنکوژی ئاکامی یەک هۆکار "هۆی نامووسی" یا "فەرهەنگی" ناولێنانی پرسەکە وەکوو خوێندنەوەی حکوومەت نییە، بە پێچەوانە حکوومەت کەڵکی سیاسی_کۆمەڵایەتیی لێ وەرگرتووە تا لەلایەک بەرپرسایەتی سەبارەت بە یاساوڕێسای توندوتیژانە و هاوکات لەگەڵ هەڵاواردن لەسەر شانی خۆی لا ببات و لەلایەکی ترەوە نیشان بدات کورد، فەرهەنگی ژنکوژیی تێدایە، لەحاڵێکدا کە فەرهەنگ پرسێکی نەگۆڕ نییە و لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی_سیاسی_ئابووریی کۆمەڵگە درێژە بە ڕەوتی خۆی دەدات.

هەروەها لە ساڵەکانی ڕابردوودا، دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی خووگری، هەژاری، بێکاری و ...، لە هۆکارە گرینگەکانی نواندنی توندوتیژیی خێزانی، ژنکوژی و بەرزبوونەوەی توندوتیژی لە ئاستی کۆمەڵگە بەشێویەکی گشتیی بووە و باقی دیاردەکانی ژنکوژی و خۆکوژی لە پێوەندی لەگەڵ ژنان تەنیا پێوەندیی بە قوربانییانەوە نییە، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا دوابەدوای داواکاریی جیابوونەوە و مافەکانی خۆیان و لە ئاکامی ئاگاهیدا بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەتەوە. کوژرانی فاتمەی تەمەن ١٧ ساڵ و هایدەی تەمەن ١٨ ساڵ  دوو نموونەی ئەم دواییانەن کە لە ئاکامی ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەوان بە یاسای پیاوسالارانە و پێداگری لەسەر ماف و ئازادییەکانیان هاتووەتە ئاراوە کە لە چوارچێوەی یاسا و پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا نە تەنیا ڕێگایەکی ئەمن بۆ ڕزگاربوون نادۆزنەوە بەڵکوو بە لەدەستدانی گیانیان دەگەنە کۆتایی.

بەم حاڵەوە باسکردن لەم هۆکارانە بە مانای پاساوهێنانەوە بۆ بکوژان و ئەو توندوتیژییەی کە بەرانبەر بە ژنان دەکرێ نییە، بەڵکوو ئاماژەیەکە بۆ تێکهاڵاوبوونی هەڵاواردن و توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگەیەکدا کە یاساوڕێسا حکوومەتییەکان تێێدا بنەڕەتی بوونەتەوە و بێگومان سونەت و یاسا دژەژنەکان دەبێ بسڕدرێنەوە و بکەرانی ئەم تاوانانەش نەتوانن لە پەنای یاسادا خۆیان حەشار بدەن.