بۆکان؛ گێڕانەوەیەک لە شێوەی برینداربوونی دینا زەهرائیان منداڵی تەمەن ١٠ ساڵان کە ساچمەکان هێشتا لە سەر و لەشیدا ماونەتەوە

10:28 - 19 رەزبەر 2723

ناوی دینا زەهرائییانە، خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی شاری بۆکانە. تەمەنی ١٠ ساڵان بوو کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا  و لە ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١دا، کرایە ئامانجی تەقەی هەڕەمەکیی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت و سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک ساڵ، هێشتا ١٥ ساچمە لە لەشیدا ماونەتەوە.

ئاژانسی کوردپا کە بە شێوەی تایبەت شێوەی برینداربوون و گیانلەدەستدانی ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و ئێراندا دەگێڕێتەوە، ئەمجارە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، شێوەی تەقەکردن لە منداڵێکی ١٠ ساڵان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری بۆکاندا دەگێڕێتەوە.

پاش بەخاکسپاردنی تەرمی ژینا ئەمینی لە شوێنی لەدایکبوونی لە شاری سەقز و دەسپێکردنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بە قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو، خەڵکی بۆکانیش لە ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١دا، بۆ پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پەیوەستی ناڕەزایەتییەکان بوون، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکان هەر لە سەرەتاوە بەمەبەستی دژایەتی لەگەڵ ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و پەرتەوازەکردنیان تەقەیان لێ کردن کە دینا زەهرائییانی تەمەن ١٠ ساڵ و باوکی دوو کەس لەو برینداربووانی ئەو ڕۆژەن کە بە فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت بریندار بوون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ کاتژمێر نزیک ٦ی ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، کاتێک کە باوکی دینا پاش خوێندنی نوێژ لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری بۆکان لەگەڵ دینا و کوڕەکەی لە فەلەکەی فەرمانداریی شاری بۆکان، تێدەپەڕین، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە درانە بەر دەسڕێژەی گولـلەی ساچمەیی و دینای ١٠ ساڵان و باوکی بەتوندی بریندار بوون.

تۆمار و بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە دینا زەهرائیان بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتەوە؛

هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت پاش کردنە ئامانجی دینا و باوکی بە فیشەکی ساچمەیی لە فەلەکەی فەرمانداریی بۆکان، بە برینداری بەجێیان دەهێڵن و خەڵکی بۆکان ئەو باوک و کچە ڕەوانەی نەخۆشخانەی "قولی‌پوور"ی بۆکان دەکەن.

بەوتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ دینای تەمەن ١٠ ساڵ لە نەخۆشخانەی "قولی‌پوور"دا، بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە ڕەوانەی بەشی "ئای ‌سی‌ یوو" دەکرێ. لەو کاتەدا، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت لە نەخۆشخانەدا و بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەی زەهرائیان، گرتە ڤیدیۆیەک لەو منداڵە تەمەن ١٠ ساڵەیە تۆمار دەکەن و لە کاناڵی تێلێگرامی_حکوومەتیی "بۆکان ئانلاین" بڵاوی دەکەنەوە و لە زمانی بنەماڵەی دیناوە باس لە جێگیربوونی باری تەندروستیی ناوبراو دەکەن.

ئەو فیشەکانەی کە بە هۆی پێشگرتن لە خەساری زیاتر لە سەر و لەشی دەرنەهێنران؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ئەو منداڵە تەمەن ١٠ ساڵەیە و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ وتی: پاش سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی "قولی‌پوور"ی بۆکان، دینا بە هۆی قورسیی برینەکانییەوە و نەبوونی کەرەستەی پزیشکیی پێویست، ڕەوانەی نەخۆشخانەی "ئومید"ی ورمێ، کرا، بەڵام سەرەڕای دوو حەفتە مانەوە لەم نەخۆشخانەیە و بەبێ هیچ پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی، بەهۆی ئەوەی کە خەسارێکی زیاتری بەر نەکەوێ بە بێ دەرهێنانی باقی فیشەکەکان، لە نەخۆشخانە مورەخەس دەکرێت.

سەرچاوەی کوردپا ئاماژەی بەوەش کرد کە حەراسەتی نەخۆشخانەی "ئومید"ی ورمێ بە بێ هیچ جۆرە پێڕاگەیشتنێک بە دۆخی دینا، هەتا وەرگرتنی تەواوی پارەی نەخۆشخانەکە ئیزنی مورەخەسکردنی ناوبراویان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

بەجێمانی ١٥ فیشەکی ساچمەیی لە سکی دینای ١٠ ساڵەدا؛

بەوتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ سەرەڕای تێپەڕینی ساڵێک، لەو  ڕۆژەی کە ١٥ فیشەکی ساچمەیی بەر جەستەی دینای تەمەن ١٠ ساڵ کەوتووە، هێشتا لانیکەم ١٠ هەتا ١١ فیشەک لە سکیدا و ٤ تا ٥ فیشەکیش لە سەریدا ماونەتەوە و دەر نەهێنراون.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە بەجێمانی فیشەکە ساچمەییەکان لە جەستەی دینادا وتی: لەو ماوەیەدا کە دینا لە نەخۆشخانەی "ئومید"ی ورمێدا خەوێندراوە، پزیشکەکان هەوڵیان دا بە تاشینی قژەکانی و نەشتەرگەری بۆ کەلـلەسەری، ساچمەکان لە سەریدا دەربێنن، بەڵام بە تێگەیشتنی پزیشکەکان و ئەگەری ئەوەی کە دەرهێنانی ساچمەکان دەتوانێ خەساری زۆرتر بەو منداڵە بگەیێنێ، هێشتا ساچمەکان لە جەستەی دینا دەرنەهێنراون و نەشتەگەریی بۆ نەکراوە و دیار نییە کە دۆخی جەستەیی ئەو منداڵە چۆن دەبێت.

سەرچاوەی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو؛ دینا بەهۆی دەرنەهێنانی ساچمەکان هێشتا جەستەی ئازاری هەیە و لە کاتی ساردبوونی کەشوهەوا یان لە کاتی یاریکردندا ئازاری پێ دەگات.

دینا زەهرائیان؛

دینا زەهرائیان، کچی هیوا و شیرین، ڕۆژی ٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ لە شاری سەقز لەدایک بووە و دانیشتووی شاری بۆکانە.

ئەو منداڵە لە کاتی برینداربوونی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان، تەمەنی ١٠ ساڵان بووە و قوتابیی پۆلی سێی سەرەتایی بووە.

زیاتر؛

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەلایەن کوردپاوە، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە کوردستان، ١٤ منداڵی کەمتر لە ١٨ ساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتەوە بە فیشەکی ساچمەیی و جەنگی و باتوم، گیانیان لەدەست داوە.