بۆکان؛ گێڕانەوەیەک لە شێوەی برینداربوونی هیوا زەهرائیان و ئەو ساچمانەی کە هێشتا لە جەستەیدا ماونەتەوە

15:14 - 16 رەزبەر 2723

کوردپا کە بەشێوەی تایبەتی شێوەی برینداربوون و کوژرانی هاووڵاتییان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەگێڕێتەوە، ئەمجارە گێڕانەوەیەک لە برینداربوونی هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٣ ساڵ بە ناوی "هیوا زەهرائیان" خەڵکی سەقز و دانیشتووی بۆکان بڵاو دەکاتەوە کە لەگەڵ کچە تەمەن ١٠ ساڵانەکەی، لە ناڕەزایەتییەکانی بۆکاندا بریندار بوون.

دوابەدوای بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە زێدی خۆی واتە شاری سەقز و دەسپێکردنی ناڕەزایەتییەکان بە قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو، خەڵکی بۆکانیش ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، بە نیشانەی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شارەکانی کوردستان، پەیوەست بو ناڕەزایەتییەکانەوە بوون؛ بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکان لە سەرەتاوە بە مەبەستی پێشگرتن لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و پەرتەوازەکردنیان، خەڵکیان دایە بەر فیشەک کە هیوا زەهرائیان و کچە تەمەن ١٠ ساڵانەکەی بە ناوی دینا دوو کەس لە برینداربووانی ئەو ڕۆژەن کە کرانە ئامانجی فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرکانی حکوومەت.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ کاتژمێر نزیک ٦ی ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، کاتێک کە باوکی دینا پاش خوێندنی نوێژ لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری بۆکان لەگەڵ دینا و کوڕەکەی لە فەلەکەی فەرمانداریی شاری بۆکان، تێدەپەڕین، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە درانە بەر دەسرێژەی گولـلەی ساچمەیی و خۆی و دینای ١٠ ساڵان بریندار بوون.

لە ئاکامی ئەم تەقە هەڕەمەکییەی هێزە سەرکوتکەرەکاندا، "میزڵدان، گورچیلە، جەرگ و مۆرەکانی پشت و مل"ی هیوا زەهرائیان ٣٧ ساچمەیان بەر دەکەوێ و بەتوندی بریندار دەبێ.

کوردپا پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا، شێوەی برینداربوونی دینا زەهرائیان بە ١٥ فیشەکی ساچمەیی گێڕاوەتەوە.

 ڕاگواستنی هیوا زەهرائیان و کچەکەی بۆ نەخۆشخانەی "قولی‌پوور"ی بۆکان و بەجێمانی ٣٦ ساچمە لە لەشیدا؛

هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت، پاش کردنە ئامانجی دینا و باوکی بە فیشەکی ساچمەیی، لە فەلەکەی فەرمانداریی بۆکاندا هەروا بەجێێان دەهێڵن و خەڵک ئەم باوک و کچە بۆ نەخۆشخانەی "قولی‌پوور" ڕادەگوێزن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هیوا زەهرائیان بە ٣٧ فیشەکی ساچمەیی بریندار بووە و تاکوو ئێستا تەنیا یەک فیشەک لە جەستەی دەرهێنراوە و باقییەکە لە لەشیدا ماونەتەوە. ناوبراو لە نێوقەد بەرەو ژوور بریندار بووە و تاکوو ئێستا هیچ نەشتەرگەرییەکی بۆ نەکراوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی دۆسییەی پزیشکیی هیوا زەهرائیان دەڵێ؛ تاکوو ئێستا دۆسییەی پزیشکی بە ناوبراو نەدراوە و پزیشکەکانی نەخۆشخانەی بۆکان، تەنیا بە شێوەی زارەکی پێیان وتووە کە ساچمەکان لە "سی، گورچیلە، میزڵدان و جەرگ"یدا ماونەتەوە، هەروەها یەکێک لە ساچمەکانیش سینگی دڕیوە و بەوێدا ڕۆچووە.

هیوا زەهرائیان ٤ ڕۆژ پاش ڕووداوەکە و یەک ڕۆژ دوای ڕاگواستنی کچەکەی بۆ نەخۆشخانەی "ئومید"ی ورمێ، لە نەخۆشخانەی "قولی‌پوور"ی بۆکانەوە بۆ ئەم نەخۆشخانەیە ڕاگوێزراوە.

لە بەڵگەی ڕاپۆرتی دادستانییەوە کە بە پێچەوانەی خواستی هیوا زەهرائیان ئامادە کراوە هەتا گوشارهێنان بۆ پێشگرتن لە بەمیدیایی کردن؛

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، لەو ڕووەوە کە لە نەخۆشخانەکانی ئێران و کوردستاندا، بەشێک لە هێزی ئینتیزامی و دادوەری بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە سکاڵای پێوەندیدار بە ڕووداوە جیاوازەکان هەیە، یەکێک لەم هێزانە لە نەخۆشخانەی "قولی‌پوور"ی بۆکاندا دەچێتە لای هیوا و بەپێی بەڵگەیەک کە بەدەستی کوردپا گەیشتووە، پەڕەیەک کاغەز بەمەبەستی ڕاپۆرتدانەوە بە دادستان دەنووسێت و دواتر هیوا ناچار بە واژۆکردنی دەکات.

لە کاغەزەکەدا نووسراوە کە هیوا زەهرائیان و کچەکەی دونیا، لەلایەن "کەسانی نەناسراو" و بە "فیشەکی ڕاوکردن" و "فیشەکی فلزی"، بریندار کراون و ناوبرا لەمبارەوە سکاڵای هەیە و داوای پێڕاگەیشتن دەکات.

هەروەها لە درێژەدا، هێزە ئەمنییەتییەکان، هیوا زەهرائیان دەخەنە ژێر گوشارەوە تاکوو لە بە میدیاییکردنی هەواڵی برینداربوونی خۆی و کچەکەی، خۆی ببوێرێ.

هیوا زەهرائیان؛

هیوا زەهرائیان، لەدایکبووی ٣ی خەرمانانی ١٣٥٩ی هەتاوی، کوڕی مستەفا و خەدیجە، خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی بۆکانە.

هیوا وەکوو پەیک مۆتۆری کاری کردووە، بەڵام دوای برینداربوونی تا ٦ مانگ نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی و بەم هۆیەوە کارەکەی لەدەست داوە و ئێستا بێکارە.