گێڕانەوەیەک لە شێوازی برینداربوونی میلاد سەفەری لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا

14:54 - 12 خەرمانان 2723

لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاوی بریندار بووە و بینایی چاوی لەدەست داوە.

میلاد سەفەری، ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١، لە مێهرشەهری کەرەج بە فیشەکی ساچمەیی چاوی بریندار بوو.

ئەم خۆپیشاندەرەی خەڵکی کرماشان، کە ئێستاکە لە ئاڵمانە، لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، شێوازی برینداربوونی خۆی دەگێڕێتەوە.

شێوازی برینداربوونی میلاد سەفەری؛

میلاد سەفەری لەمبارەوە بە کوردپای وت: لە ڕۆژی ٣١ ی خەرمانان ١٤٠١، فیشەکی ساچمەییم بەرکەوت، ئەو ڕۆژە هێشتا هەروا ڕوون بوو کە لە مێهرشەهرەوە بەرەو لای گەوهەردەشت چووم و هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ بڵاوەپێکردنی حەشیمەتی زۆری خۆپیشاندەران کەڵکیان لە گازی فرمێسکڕێژ وەرگرتووە.

بە وتەی میلاد سەفەری، ناوبراو پیاسەیەک دەکات تاکوو هەناسەیەک وەربگرێتەوە و پاش چەند هەنگاو، لەیزرێکی بە ڕەنگی سەوز دەخەنە سەر دەموچاوی و کەمتر لە چەند چرکە دوای ئەوە بە فیشەکی ساچمەیی سەر، دەموچاو، چاو و باسکی دەکەنە ئامانج و برینداری دەکەن.

لە ٧ فیشەکی ساچمەیی، ٢یان بەر چاوی چەپی میلاد کەوتووە؛

ناوبراو ڕایگەیاند: لە ئاکامی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان، ٧ فیشەکی ساچمەیی بەر جەستەم کەوت کە ٢ لەو فیشەکانە بەر چاوی چەپم کەوت و بە یارمەتیی چەند کەس منیان بردە پارکینگ و کەمێ دواتر پاش چۆڵبوونی شەقامەکە، هەمان شەو سەردانی نەخۆشخانەم کرد.

پچڕانی تۆڕی چاوی میلاد سەفەری و بەجێمانی فیشەکێک لە چاوی چەپی؛

ئەم خۆپیشاندەرە ڕایگەیاند: پاش سێ جار نەشتەرگەری هێشتا ساچمەکان لە چاوی چەپی ماونەتەوە و پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە کە بەداخەوە ناتوانن ساچمەکان لە چاوم دەر بێنن.

ناوبراو ڕایگەیاند: چاوی چەپم بە هۆی بەرکەوتنی ساچمە، تووشی پچڕانی تۆڕ بووە و تەنیا ٢٠٪ توانایی بینیم هەیە.

هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان لە میلاد سەفەری و چوونەدەرەوە لە ئێران؛

میلاد سەفەری ڕایگەیاند: کاتێ کە ناوبراو لە نەخۆشخانەی فارابیدا بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەی لێ کراوە کە پاش هاتنەدەرەوە لە نەخۆشخانە دەچنە دیارییەوە.

ناوبراو ڕایگەیاند: پاش نەشتەرگەریی سێهەم و هاتنەدەرەوەم لە نەخۆشخانە، ئیدارەی ئیتلاعاتی مێهرشەهر پێوەندیی لەگەڵ گرتم کە دەبێ خۆم بەم ناوەندە ئەمنییەتییە بناسێنم.

میلاد سەفەری دەڵێ: بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان و و ئامادەنەبوون لە ئیدارەی ئیتلاعات، لە ئێران دەچێتە دەرەوە و ئێستا لە وڵاتی ئاڵمانە.

میلاد سەفەری؛

میلاد سەفەری کوڕی حەیدەر، لەدایکبووی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٦٧ لە کرماشانە و دوو منداڵی هەیە.

ناوبراو لە کۆمپانیایەکی تایبەتدا لە تاران کاری کردووە.