مەریوان؛ گێڕانەوەیەک لە فواد نیک‌پەی، قوتابیی تەمەن ١٣ ساڵ کە بە ١٥٠ فیشەکی ساچمەیی بریندار کرا و دەمارەکانی لاقی لەدەست دا

01:21 - 23 خەرمانان 2723

کوردپا کە بە شێوەی تایبەت چیرۆکی کوژراو و برینداربووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەگێڕێتەوە، ئەمجارە برینداربوونی قوتابییەکی تەمەن ١٣ ساڵ (لە کاتی برینداربووندا ١٣ ساڵی بووە)، بە ناوی فواد نیک‌پەی کە بە ١٥٠ فیشەکی ساچمەیی لە ناڕەزایەتییەکانی مەریواندا پانیی لاقی ڕاستی بریندار ببوو، دەگێڕێتەوە.

فارووق نیک‌پەی باوکی فواد لەمبارەوە بە کوردپای وت: شەوی ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، فواد لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مەریواندا لە گەڕەکی "سەردۆشی"  لەلایەن هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەوە کرایە ئامانج و ١٥٠ فیشەکی ساچمەیی بەر پانی لاقی راستی کەوت و تاکوو ئێستا سەرەڕای ٩ جار نەشتەرگەری، پێویستی بە دوو نەشتەرگەریی دیکە هەیە. هەروەها فواد تا کۆتایی تەمەنی دەمارەکانی لاقی بێ‌هەست بووە و لە ڕۆیشتندا کێشەی هەیە.

زیاتر لە ١٥٠ فیشەکی ساچمەیی بەر لاقی فواد نیک‌پەی کەوتووە؛

سێ ڕۆژ پاش لە گیانلەدەستدانی "نەسرین قادری"، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان و دانیشتووی تاران کە لە ڕەوتی دەسبەسەرکرانەکاندا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بە باتوم لێی درا و کوژرا؛ ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان کە لە گەڕەکی "سەردۆشی"ی مەریوان دەستی پێکردبوو و کێشرایە گەڕەکەکانی دیکە، فوادیش لەو کەسانە بوو کە لە گەڕەکی "سەیران دوو" بە تەقەی هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان پانیی لاقی ڕاستی بەتوندی بریندار بوو.

باوکی ئەم قوتابییە تەمەن ١٤ ساڵە لەمبارەوە وتی: هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بە فیشەکی ساچمەیی خەریکی ڕاوەدوونانی خەڵک بوون کە یەکێک لە برینداربووەکان فواد بوو و ١٥٠ فیشەکی ساچمەیی بەر پانیی لاقی ڕاستی کەوت.

پێشگرتنی نەخۆشخانەی بووعەلیی مەریوان و فەجری مەریوان لە وەرگرتنی فواد نیک‌پەی؛

پاش ئەوەی کە بنەماڵەی فواد ئاگاداری برینداربوونی کوڕەکەیان بوونەوە، بۆ نەخۆشخانەی بووعەلی و فەجری مەریوانیان ڕاگواست، بەڵام هەر دوو نەخۆشخانەکان لە وەرگرتنی فواد خۆیان بوارد و بنەماڵەکەی ناچار کران کە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر لە سنەی ڕاگوێزن.

بە وتەی باوکی فواد نیک‌پەی، دوابەدوای وەرنەگیرانی فواد لە نەخۆشخانەکانی مەریوان، لە ڕێگەی چەندین کەس لە نزیکەکانیانەوە لە سنە، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە و وەکوو کەسێک کە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە لە نەخۆشخانەدا دۆسییەی پزیشکی بۆ دەکەنەوە تاکوو چارەسەری بۆ بکرێ.

٩ جار نەشتەرگەری بۆ فواد نیک‌پەی بەو هۆیەوە کە پانیی لاقی ڕاستی تێک چووبوو؛

بە وتەی باوکی ئەم قوتابییە ١٤ ساڵەیە؛ هێزە ئەمنییەتییەکان لە ماوەی ٢ مانگ مانەوەی فواد لە نەخۆشخانەی سنە، سێ جار فوادیان دەسبەسەر کردووە کە هەر جار بە شێوەیەک فوادیان لەدەستیان دەر کردووە.

فارووق نیک‌پەی دەڵێ؛ تاکوو ئێستا دوو جار ناوەندە ئەمنییەتییەکان، فوادیان بانگهێشت کردووە و سەبارەت بە بەشداریکردنی لە ناڕەزایەتییەکانی مەریواندا لێپرسینەوەیان لێ کردووە، گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان تا ئەو ئاستە بووە کە تەنانەت یەکێک لە مامۆستایانی فواد سەبارەت بە ناوبراو، لێپرسینەوەی لێ کراوە.

فواد نیک‌پەی ٢١ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٨٧، کوڕی فارووق و چنوور، خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان و دانیشتووی ئەم شارەیە. فواد پۆلی دووهەمی ناوەندی بووە.

فواد نیک‌پەی لە کاتی برینداربوونیدا تەمەنی ١٣ ساڵ بووە.