تایبەت؛ دانانی کامێرای ئەمنییەتی، هەڕەشەکردن لە بازاڕیان و ناردنی هێز و گەشتلێدانی هێزی سەرکوت لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی لە سەقز

11:06 - 14 خەرمانان 2723

لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی کە کەمتر لە دوو حەفتەش بۆ ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ماوە، کۆماری ئیسلامی لە ترسی هەستانەوەی دووبارەی خەڵک و دەسپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، شاری سەقز، زێدی ژینا و شوێنی دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانی مێلیتاریزە کردووە و دەستی بە دانانی کامێرای ئەمنییەتی، گوشار و هەڕەشە لە بازاڕییان، ناردنی هێز و گەشتلێدانی هێزە سەرکوتکەرەکان و دروستکردنی ئاڵوگۆڕ لە گۆڕستانی ئایچی کردووە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی سەرچاوە ئاگادارەکان و هاوکارانی کوردپا؛ لە چەند مانگی ڕابردوودا، بڕیاری پرۆژەی دانانی کامێرای تایبەتی ئەمنییەتی لە ئاستی شاری سەقز و گۆڕستانی ئایچی بە فەرمانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و تەرخانکردنی بوودجەی تایبەت لە تارانەوە دراوە و ئێستا شارەداری و فەرمانداریی سەقز خەریکی تەواوکردنی قۆناغەکانی ئەم پرۆژەیەن.

بەپێی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتەکان لە کە دانانی ئەم کامێرایانە بە کوردپا گەیشتووە و بەپێی زانیارییەکان، لە زۆربەی گۆڕەپانەکان و شەقامەکانی سەقز لەوانە گۆڕەپانی کەریم ئاوا، مەیدان ١١ی گوڵان، گۆڕەپانی زیندان، گۆڕەپانی دایک، چراسووری قەوەخ، گۆڕەپانی خورشیدی، گۆڕەپانی مامۆستا هێمن، گۆڕەپانی قودس، بلواری کوردستان، گۆڕەپانی موکریان و ... هەموو ڕێگاکانی چوونەژوورەوە و دەرچوون لە سەقز بۆ سنە، بانە، مەریوان و بۆکان و گۆڕستانی ئایچی، کامێرای تایبەتی ئەمنییەتی دانراوە.

وێنەگەلێک لە دانانی کامێرای ئەمنییەتی لە کۆتایی بلواری سەقز بۆ بانە و گۆڕستانی ئایچی؛

سێ کامێرای ئەمنییەتیی دیکەش لە گۆڕستانی ئایچی دانراوە کە یەکێک لەوان لە پاڵ گڵکۆی ژینایە و دوو کامێرای دیکەش لەسەر ڕێگاکانی چوونەژوورەوە و دەرچوون لە گۆڕستانەکە دانراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، زۆربەی کارەکانی هەڵکۆڵینی زەوی و دانانی کامێرا بەهۆی "ترس"، شەوانە و دوور لە چاوی خەڵک ئەنجام دراوە وکامێراکان زۆر بەرزتر لە ئاستی زەوی دانراون و دەوترێت کەسەکان و ماشینەکانی پێ دەناسرێتەوە.

وێنەگەلێک لە دانانی کامێرا ئەمنییەتییەکان لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز؛

یەکێکی دیکە لە کردەوەکانی حکوومەت لە ترسی دووبارە هەستانەوەی خەڵک لە سەقز، هەڕەشە لە کاسبکاران و بازاڕییان بە مەبەستی پێشگرتن لە پەیوەستبوونیان بە مانگرتن و بەشداری لە ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینییە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە، لە ١٠ ڕۆژ پێشەوە ئیدارەی ئەماکن و ئیتلاعاتی سنە بە شێوەی نایاسایی چوونەتە دووکانی کاسبکاران و بازاڕییان و دەستیان بەسەر مۆڵەتی کار و کارتی پێناسی دووکانداران داگرتووە و هەڕەشەیان لێ کردوون کە لە ئەگەری داخستنی دووکانەکانیان، مۆڵەتی کارەکانیان ڕەت دەکەنەوە و کارتی پێناسەکەشیان دەسووتێنن.

مێلیتاریزەکردنی شاری سەقز بە گەشتلێدانی هێزە سەرکوتکەر_ئینتیزامییەکان و ناردنی هیزی سەرکوت بۆ ئەم شارە لە کردەوەکانی دیکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە لە ترسی هەستانەوەی دووبارەی خەڵکە. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە دەڵێ: هاتوچۆ و گەشتلێدانی هێزە سەرکوتکەر_ئینتیزامییەکان لە ئاستی شاری شاردا زۆر زیاتر بووە و ناردنی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەقز لە حەفتەکانی پێشەوە دەستی پێ کردووە.

لەمبارەوە کوردپا، ١١ی خەرمانانی ١٤٠٢، ڤیدیۆیەکی سەبارەت بە ناردنی هیزی سەرکوت بۆ شاری سەقز بڵاو کردەوە کە نیشان دەدات، ماشینەکانی هێزی سەرکوت لەوانە زرێپۆش، خەرێکن بەرەو سەقز دەڕۆن.

ناردنی کورتەنامەی "ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی وەزارەتی بەرگری" بۆ هاووڵاتییان بەشێکی دیکە لە سیاسەتەکانی ترساندنی خەڵک لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا_ مەهسا ئەمینییە.

وێنەیەک لەم کورتەنامانە کە لە شاری سەقزەوە بە دەستی کوردپا گەیشتووە؛

کوردپا، پێشتر لە ڕاپۆرتگەلێکدا باسی لەوە کردبوو کە ئاڵوگۆڕەکانی حکوومەت لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، ئامانجدارە و بە ئامانجی لەچاو داپۆشین و دەسڕانەگەیشتن بە گڵکۆی ژینا_مەهسا ئەمینی ئەنجام دەدرێ. گڵکۆی ژینا لە سووچی ڕێگاکەی گۆڕستانی ئایچییە، بە شێوەیەک کە دیارە و خەڵک بە ئاسانی دەتوانن بچنە سەری، حکوومەت چونکە پێی وایە کۆنتڕۆڵی ئەم مەزارە لە دەستی خەڵکدایە، دەیەوێ بە ئاڵوگۆڕ لە شێوازی گۆڕستانەکە، بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بڕیارەکانی شارەداریی سەقز بۆ ئەم ئاڵوگۆڕانە تاکوو ئێستا بە شێوەی جیددی درێژەی هەیە و حکوومەت دەیەوێ بە دروستکردنی شوێنی پیاسە و لابردنی کەپری هەموو مەزارەکان و کێشانی سیم بە دەوری گۆڕستانەکەدا،، بەتایبەت لە کاتی کۆبوونەوەی خەڵکدا، ئاسانتر دەسبەسەر و کۆنتڕۆڵیان بکات.

وێنە و ڤیدیۆگەلێک کە بەدەستی کوردپا گەیشتووە ئەم ئاڵوگۆڕە ئامانجدارەی حکوومەت لە گۆڕستانی ئایچی نیشان دەدەن.

ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢، کاسبکاران و بازاڕییانی سەقز، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دەسبەسەرکرانی بنەماڵەی گیانلەدەستداوان، لە چوونەژوورەوەی شاری سەقز و ئاڵوگۆڕەکانی گۆڕستانی ئایچی بە دەستی حکوومەت، مانیان گرت کە سەرەڕای دۆخی ئەمنییەتیی توند و بوونی بەربڵاوی هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان لە ئاستی شاردا، ئەم مانگرتنە ٩٥٪ سەرکەوتوو بوو.

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە